دوو بەرپرسی باڵای تورکیە بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە تێرۆری “مەسعوود مەولەوی ” کە مانگی خەزەڵوەر لە تورکیە ڕوویدا، بە فەرمانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دوو بەرپرسی باڵای تورکیە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێ، ڕایانگەیاندوە کە تێرۆری “مەسعوود مەولەوی” کە پێشتر ئەندامی دەستەی سایبێری سپای پاسداران بوو، هەروەها وەکوو ڕەخنەگری ڕێژیم لە تورکیە دەژیا، پاش ئاشکراکردنی چەندین بەڵگە لەسەر فەرماندەکانی سپای پاسداران لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئیستانبوول بە دەستی چەند کەسێک تێرۆر کرا.
ئەو دوو بەرپرسە تورکە دەڵین، بە پێی دانپێدانانی چەند کەسی تورک و ئێرانی کە دەسبەسەرکراون، دوو بەرپرس و کارمەندی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە تورکیە فەرمانیان بە بکوژانی ناوبراو کردوە، فەرمانەکەش دوای ئەوە هاتووە کە “مەسعوود مەولەوی” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی ئاشکراکردنی باندی مافیای سپای پاسدارانی کردبوو.