کۆڕۆنا لە ماوەیەکی کورتدا توانی تا ئاستێک ژیان بوەستێنێ، ئێستا بۆتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە.
لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دژە فایرۆسەکە چڕتر بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا شارەزایانی ئەم بوارە لە بەرانبەریدا دەستەوەستانن.
بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی، لە کۆنفڕانسێکی هەواڵدەریدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس بە دەست ڤایرۆسی کۆڕۆناوە دەناڵێنن و ٢٠ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
“کریستالینا جیورجیوا “، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتی دراو ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەم دۆخەی کە هاتۆتە پێش، ئابووری جیهان داتەپیوە و زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهان داوای قەرزی بەپەلەیان کردوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە چین، سێ وڵاتی ئیتالیا، ئێسپانیا و ئەمریکا زۆرترین قوربانیی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لێکەوتۆتەوە و دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، پێشگیری لە داڕمانی ئابووری وڵات و بژێوی ژیانی خەڵکی ئەمریکا ٢٠٢ تریلیۆن دۆلاری تەرخان کردوە، کاربەدەستانی ئەمریکایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم نەخۆشییە جارێ تا ماوەیەکی تر هەر لە حاڵی پەرەسەندن دایە.
یەکیەتیی ئورووپاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڕیاری داوە، هاوکاری ئەو وڵاتانە بکا کە ڤایرۆسەکە لەوێدا تەشەنەی سەندوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کە لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە ٢٠ میلیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
“پیتر ئستانو” وتەبێژی سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئەو پارەیە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک: ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوکارانیان لە ناوچە و ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانەوە بۆ خەڵکی ئێران خەرج دەکرێ. دیارە بەپێی قسەکانی ناوبراو ئەو پارەیە بە نەخت نادرێتە کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێشتریش “مۆرگان ئۆرتگاس” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی داوای پارەی نەخت دەکا هەتا بۆ کردەوە ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچەکەدا بەکاری بێنێ.
لە ئێران کە دوای چین ڤایرۆسی کۆڕۆنای تێدا بڵاو بۆتەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. دیارە ئەو ئامارەیە کە لە نەخۆشخانەکان تۆمار کراوە و بێگومان خەڵکێکی زۆر هەن کە سەردانی نەخۆشخانەکانیان نەکردوە یا نیشانەکانی ئەو ڤایرۆسەیان لێ دەرنەکەوتوە و دوکتۆری تایبەت نەیدیتوون. تا ڕۆژی هەینی ئاماری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە ٣٢ هەزار و ٣٣٢ نەفەر و ئاماری ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە ١٣٩٩ کەس ڕاگەیەندراوە. سەرچاوە و لایەنە پێوەندیدارەکان ئەم ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران بە ناڕاست دەزانن و پێیان وایە کە ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە کە کە کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاندوە.