خوشکی تێکۆشەری ناوداری گەلەکەمان شەهید مەلا” ئەحمەد شڵماشی” ناسراو بە “مەلا ئاوارە” کۆچی دوایی کرد.
بە پێی ھەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلیوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “سەلمێ شڵماشی” خوشکی شەھید مەلا ئاوارە و کاک مستەفا شڵماشی ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتی ناسراو و نیشتمانپەروەری کورد مامۆستا مەلا محەممەد شڵماشی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
دایە سەلمێ یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و دڵسۆزانەی کورد بوو کە بە درێژایی دەیان ساڵ ژیانی خۆی، چ لە سەردەمی حکومەتی ڕووخاوی پەهلەوی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پشتگیر و دڵسۆزی برا شۆڕشگێڕەکانی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلەکەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. هەموو کات ئاواتی بوو برا و کەس و خزمە تێکۆشەرەکانی لە ئامێز بگرێتەوە و چاوەڕێی هاتنە دیی ئامانجەکانی برا خۆشەویستە شەهیدەکەی بوو. مخابن مەرگ مەودای نەدا ئاواتەکانی بێتە دیی و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.
بنەماڵەی دایە سەلمێ بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرن کە لە دوو دەورانی حکومەتی پاشایەتی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا ڕۆڵ و پێگەیان لە شۆڕشی گەلی کورددا دیارە. لە دەورانی حکومەتی پاشایەتیدا مامۆستا ئاوارە شۆڕشگێڕی ناودار و سەرکردەی بەوەجی خەبات دژی حکومەتی پاشایەتی و یەکێک لە پێشمەرگە فیداکارەکانی شۆڕشی ٤٦ / ٤٧ بوو کە لەلایەن خائینێکەوە دەکەوێتە داوای هێزەکانی لەشکری شا و لەسێدارە دەدرێ.
برایەکی دیکەی دایە سەلمێ، کاک مستەفا شڵماشی ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانە کە تێکۆشەریکی دڵسۆز و فیداکاری حیزب و گەلی کوردە و درێژەدەری ڕێگەی شەهید مەلا ئاوارە و شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمانە و دەور و ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان.
لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بەڕیزان مامۆستا مەلا محەممەد شڵماشی و کاک مستەفا شڵـماشی و بنەماڵەی دایە سەلمێ بە گشتی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











