بەشێک لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی جۆراوجۆر لە هاوکاریکردنی خەڵک بەردەوامن.
لەگەڵ سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران و کوردستان، خەمخۆرانی نیشتمان پێکهاتوو لە کەسایەتییەکان، ئەنجوومەنەکان، کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو، پزیشکان و لاوانی بەهەست و نیشتمانپەروەر بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بلوێ هاوکاری و ڕێنمایی خەڵک دەکەن.
ئەوان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارە و خواردەمەنی هاوکاری بنەماڵە هەژارەکان دەکەن و لەم کاتە هەستیارەدا بەفریایان دەگەن. پزیشکانی دڵسۆزی کورد لە ڕێگەی ڕێنمایی پزیشکی هاوکاریی نەخۆشەکان دەکەن و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە خەڵک پێوەندییان پێوەدەگرێ و لە دۆخی جەستەیی خۆیانیان ئاگادار دەکەنەوە و پزیشکەکانیش بۆ ئەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە هەر بە تەلەفۆن ڕێنمایی نەخۆشەکان دەکەن.
کۆمەڵێک گەنجی بە توانا و دڵسۆز لە شەقام و کۆڵانەکاندا تێکەلەیەکی دژ بە ڤایرۆس کە خۆیان کڕیویانە و سازیان کردووە، دەیدەنە خەڵک و لەو ڕێگەیەوە هاوکارییان دەکەن تا بتوانن پاکوخاوێنی دەستەکانیان ڕابگرن و لە هێندێک شوێن کۆڵان و شەقامەکان دەڕشێنن و لە چەند شارێک پێش ئەوەی ماشینەکان بێنە نێو شار تێکەڵەیەکی دژە ڤایرۆسیان لێدەدەن. لە هێندێک لە شارەکان خەڵک خۆیان ڕێگەکانیان گرتووە و ناهێڵن خەڵکی غەیری شارەکەی خۆیان بچنە نێو شار. ئەنجوومەنە مەدەنییەکان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هاوکاری و ڕێنمایی خەڵک دەکەن و داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن کە دووکان و بازاڕ دابخەن و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. پزیشک و پەرەستارانی کورد لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدا دوور لە ماڵ و مناڵیان لە نەخۆشخانەکان دەمێننەوە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە یارمەتی نەخۆشەکان و تووشبوانی کۆڕۆنا دەدەن. هێندێک کەسیش لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵ و راپۆرتی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاو دەکەنەە و خەڵک لە ڕووداوەکان ئاگادار دەکەنەوە و ڕینوێنی پزیشکان و کەسانی شارەزا لەوبارەوە بەخەڵک ڕادەگەیەنن.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندوویانە کە هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەر و پشت و پەنای یەکترن و بێ گوێدانە قسەی کاربەدەستان، ئەوان ئەرکی نیشتمانی و ئینسانی خۆیان بەجێدەگەیەنن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەمیشە گرفت و بەربەستی بۆ ئەو ئەنجوومەن و کەسایەتیانە پیکهێناوە کە دەیانهەوێ خزمەتی گەل و وڵاتەکەیان بکەن، بەڵام خەڵکی کورد ئازایانە لە بەرانبەریاندا وەستاونەتەوە و لەو بەربەستانە نەپرینگاونەوە.