بەرپرسی پێوەندییەکانی زانکۆی علووم پزیشکیی هورموزگان ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی هەینی، ٢٧ـی ڕەزبەری ساڵی رابردووەوە لانیکەم ٤٠ کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
دوای ئەوەیکە ڤایرۆسی کۆڕؤنا لە ئێران تەشەنەی سەند، ژمارەیەک لە خەڵک بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە نەبن، مەشرووب دەخۆنەوە کە تا ئێستا ئاکامێکی باشی نەبووە. بەرپرسی پێوەندییەکانی زانکۆی علووم پزیشکیی هورموزگان لەوبارەوە گوتی: “ئەو کەسانەی کە ژەهراوی بوونە، با ڕوو بکەنە نەخۆشخانەکان و دڵنیابن کە ئێمە ناویان نادەینە پۆلیس.”
هاوکات حەمید درەفشی، بەرپرسی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای ئەلبورز، لەوبارەوە ڕایگەیاند کە لەو پارێزگایەدا دوو شەپۆلی ژەهراوی بوون بە ئەلکۆل ڕویدا کە بوو بەهۆی ئەوەیکە ٣٧٥ کەس ژەهراوی بن و لەو ژمارەیە ٥٧کەسیان چاویان لەدەستداوە و ٣٧ کەسیشیان ژن بوونە کە کاریگەریی خراپی لەسەر جەستەیان داناوە.
هەر لەو پێوەندییەدا حەسەن هیممەتی، بەرپرسی پێوەندییەکانی فریاکەوتنی خێرای شاری فارس ڕایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانییەکانی ئەلکۆلی ساختە لەو شارەدا گەیشتووەتە ٥٩٢ کەس کە ٧٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی دەوڵەت، ئاماری قوربانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای شیراز ٢٢ کەس و ژمارەی تووشبووانیان ٥٨٩ کەس راگەیاندووە.
هەروەها لە شارەکانی خووزستان، تەورێز، کرماشان، ئیسفەهان و چەند شاری دیکە خەڵک بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەلکۆلی ساختە و درووستکراوی دەستی دەخۆنەوە کە زۆربەیان ژەهراوین و خەڵکیان تووشی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر کردووە.