ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، لایەنگران و تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە توندی ئەو هەڵوێستە نابەرپرسانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ڕاگرتنی چالاکییەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ئێران لە لایەن دەوڵەتی تارانەوە، مەحکووم دەکەین.
لەوەها دۆخێکدا کە خەڵکی وڵات بە هۆی ویرووسی کۆرۆنا و کەمتەرخەمیی دەوڵەت لە پێڕاگەیشتنی خەڵک لە ڕووی سڵامەتی و ژیان و گوزەرانەوە لە دۆخێکی خراپدان، ئیزننەدان بە پزیشکانی بێسنوور کە دەیانهەوێ یارمەتی بە خەڵک بدەن، جیا لە دژایەتییەکی دیکە لەگەڵ خەڵک هیچ مانایەکی نییە.
هەر لەم پێوەندییەدا وێڕای بیرهێنانەوەی هاوکارییە ئینسانییەکانی ئەم ڕێکخراوە بە بزووتنەوەی کورد و بەتایبەت بە حیزبەکەمان لە سەردەمی ڕێبەری شەهیدمان، دوکتور قاسملوو و دەربڕینی سپاس و پێزانی خۆمان بە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، بێزاریی خۆمان لە هەڵوێستی دەوڵەتی تاران بەرامبەر بە پزیشکانی ئەم ڕێکخراوە دەردەبڕین.
ئێمەی کورد خۆمان بە بەرمنەتی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەزانین و بەم شێوەیە قەدرزانی و سپاسی خۆمان ڕادەگەیەنین و داوامان لە ناوەندی هاوکاری و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانە لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی هەبێ.
بەشێک لە چالاکانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات.