تا دێ خه‌ڵکێکی زیاتر له ئێران به تایبه‌ت ژنان سه‌رقاڵی ئه‌و کار‌و کاسبییانه ده‌بن که له ماڵێ‌و له چوارچێوه‌ی نێوماڵدا ده‌کرێن.
ئاماره ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن له حه‌شیمه‌تی ٣٠ میلیۆن که‌سیی ژنانی سه‌روو ١٠ ساڵ له ئێران ته‌نیا ٣ میلیۆن که‌سیان کار ده‌که‌ن‌و ٢٧ میلیۆنه‌که‌ی دیکه له‌و حه‌شیمه‌ته له بازنه‌ی چالاکیی ئابووری‌دا نین. هه‌روه‌ها نرخی به‌شداریی ئابووریی ژنانی چالاک له ئێران سه‌دی دوازده‌یه و ئه‌وه له به‌رامبه‌ر نرخی به‌شداریی سه‌دی ٦٣ ی پیاوان له ئابووریی ئێران‌دا ته‌عبیر له پێکهاته‌ی پیاوانه‌بوونی ئابووریی ئێران ده‌کا.
ناوندی نێونه‌ته‌وه‌یی توێژینه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی زانکۆی ” ئه‌راسمۆس”ی هۆله‌ند له نوێترین توێژینه‌وه‌ی خۆیدا که له‌سه‌ر کاری نێوماڵی ژنان له ئێران کردوویه‌تی، ده‌ڵی بایه‌خی ماددیی کاری نێوماڵی ژنان له ئێران له ساڵی ٨٨ دا زیاتر له ٢٦ میلیارد دۆلار بووه.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش که له سالی ٩٠ دا و له‌سه‌ر ٢ هه‌زار ژنی ماڵدار له تاران کراوه، بایه‌خی ماددیی کاری هه‌ر ژنێکی ماڵه‌وه ٦٤٠ هه‌زار تمه‌ن به‌راورد کراوه، به واتایه‌کی دی ئه‌گه‌ر ژنان له ماڵێ ئه‌رکه‌کانی خۆیان له نێوماڵی‌دا به‌جێ نه‌گه‌یه‌نن، پیاوان ناچارن که‌سێکیان بۆ بگرن‌و کردنی ئه‌و کارانه‌ش ئه‌وه‌نده پووڵه‌ی تێده‌چێ.
کارناسانی بازاڕی کار ده‌ڵێن پێکهاته‌ی پیاوانه‌ی بازاڕی کار ده‌ره‌تانی بۆ چالاکیی ژنان له بازاڕدا نه‌هێشتۆته‌وه‌و ئه‌وانی له سووچی ماڵ په‌ستاوتوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گرانیی زیاتر‌و چوونه‌سه‌رێی تێچووی ژیان، له ئێستادا کاری ژنان له نێوماڵ هه‌ر له چێشت لێنان و پاک‌و خاوێنی‌و پێڕاگه‌یشتن به منداڵان‌دا کورت ناکرێته‌وه، به‌ڵکوو بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی تێچووی قورسی ژیانی ڕۆژانه ڕوویان له هه‌ندی کار کردوه که به‌کاره‌کانی نێوماڵ ناویان ده‌برێ.
شایانی باسه په‌ره‌سه‌ندنی کاری ماڵان له ئێران له حاڵێک دایه که گه‌ڵاڵه‌ی بیمه‌کردنی ژنانی ماڵدار که ساڵی 87 په‌سند کرا، به‌هۆی پشتگوێخرانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه تا ئێستاش جێبه‌جێ نه‌کراوه‌و هیچ بودجه‌یه‌کی بۆ ته‌رخان نه‌کراوه.