ڕێکخراوی ناحکومیی”پزیشکانی بێسنوور” لەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتییەکانی ئەوانی ڕەت کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە کە سەریان سووڕ ماوە.
ڕۆژی سێشەممە ٥ـی خاکەلێوە، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە وباسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتییەکانی ئەوانی ڕەت کردۆتەوە و لەو کارەی کۆماری ئیسلامی بە کارێکی سەیر دەڕوانن. لە ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەدا هاتووە: لە ماوەی حەفتەکانی ڕابڕدوودا لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وتووێژ کراوە، بڕیار بووە کە دەرمان و کەرەستەی تایبەت بە کۆڕۆنا و کەسی شارەزا بۆ ئێران بنێردرێ و ئەوان پەسەندیان کرد، کەچی لە ناکاو کۆماری ئیسلامی هەموو شتێکی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە یارمەتیی هیچ کەسی ناوێ بەتایبەت پزیشکای بێسنوور.
ئەو ڕاگەیەندراوە لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکا کە هەر ئەو کاتەش کە پزیشکانی بێسنوور گەیشتبوونە ئێران، بۆ یەکەمجار لە تاران نیشتەجێ ببوون، بڕیار بووە کە خۆیان و کەلوپەلەکانیان بۆ ئیسفەهان بگوازرێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێیان ڕاگەیاندوون کە پێویستیمان بە یارمەتیی وڵاتانی دەرەکی نییە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ٤ـی خاکەلێوە، دوای کێشە و گرفتی گرووپێک لە بناژۆخوازەکان و میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران، گەڵاڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی خێرایان لەو شارانەی کە قەیرانی کۆڕۆنا تێیاندا مەترسیدار بووە، پشتگوێ خست و گرینگییان بە بابەتەکە نەدا. جێگای ئاماژەیە کە قەیرانی کۆڕۆنا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین کێشەکان لە ئێران و ڕۆژ نییە کە کەس یان کەسانێک نەکوژێ. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ گرینگی و بایەخێک بە گیانی خەڵک نادەن.