وەزیری پێشووی تەندروستیی ڕێژیم “حەسەن قازیزادە هاشمی” لە تویتێکدا نووسی کە دوو مانگ پێش ئەوەی کە بەرپرسانی حکومەت پەتای کۆرۆنا ئاشکرا بکەن، من هۆشداریی ئەو پەتایەم بە حەسەن ڕۆحانی و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دابوو بەڵام وڵامیان نەدامەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەری ئیرنا هەرچەند کە لە دەفتەری سەرۆک کۆماری ڕێژیمەوە قسەکانی “قایادە” پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆماری ئیسلامی زۆر پێشتر ئاگاداری ئەو پەتایە بوو بەڵام بە مەرامی سیاسی و چەواشەکاری ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی و لە ژێر گوشاری میدیا و هەواڵەکاندا ڕایانگەیاند کە کۆرۆنا هاتۆتە ئێران و پاشانیش ئاشکرابوو کە فڕۆکەوانی ماهان کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمە هۆکاری گواستنەوەی ئەم بەڵایە بووە لە چینەوە بۆ ئێران.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵ بێ بە شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینە و بە کەمتەرخەمی لە داخستنی ڕێگە و بان و شارەکاندا هۆکاری سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بۆ ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیکەش.