عەلی موتەهەری لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە عەلی خامنەیی خۆی هەمەکارەیە و مەجلیس بێدەسەڵاتە.
نوێنەری پێشووی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ڕێژیم و کوڕی یەکێک لە بناغەدانەرانی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “سازەندەگی”دا وتی: “بەردەوام سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی مەجلیس هەر باس و بابەتێک بوایە دەیانگوت پەیامێک لە “بەیتی ئاغاوە” هاتووە و هەموو بێدەنگ دەبوون و کەس نەیدەتوانی قسە لەسەر بابەتی دیاریکراو بکا.”
ناوبراو بە ئاماژە بە قسەکانی خودی خامنەیی و ئاخوندەکانی دیکە وتی: “لە ئێراندا هیچ دەسەڵاتێک بوونی نییە جگە لەدەسەڵاتی خامنەیی و هەموو هەڵبژاردنێک و هەموو دەزگا و ڕێکخراوە سیاسی و دەوڵەتییەکان پاشکۆی خامنەیی و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەون، هەربۆیە حکومەتی “جمهوورییەت” یان خەڵکی بوون هیچ واتایەکی نییە و کۆماری ئیسلامی تەنیا حکومەتێکی سەرتاپا مەزهەبی و داخراوە و تەنانەت سەرۆک کۆماریش خامنەیی دیاری دەکا و هیچ دەسەڵاتێکی نییە.”
شایانی باسە کە ناوبراو نوێنەری دوو دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێژیم بووە و جێگری سەرۆکی مەجلیسیش بووە بەڵام لەم بەناو هەڵبژاردنەی مانگی ڕەشەمەدا ئیزنی خۆ پاڵاوتنیشی پێنەدرا.