ڤایرۆسی کۆڕۆنا دوای تاعوون مەترسیدارترین ڤایرۆسە کە ئەمڕۆ خەریکە ژیان ڕادەگرێ و هەموو جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە.
کۆڕۆنا لە ماوەیەکی کورتدا بێ جیاوازی هەموو جیهانی گرتەوە و تا ئێستاش نەک هەر چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە بەڵکوو ڕۆژ بەڕۆژ هەر تەشەنە دەسێنێ.
بەپێی ئەو هەواڵ و ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە تا نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٣٥١ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ١٥ هەزار و ٢٣٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
بەهۆی مەترسی و تەشەنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە، “ئانتونيو گوترش” سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای کرد کە هەموو شەڕەکانی جیهان بوەستن تا بتوانین بەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنادا زاڵ بین.
لەگەڵ ئەوەی کە باس لەوە دەکرا ئەم ڤایرۆسە مەترسی مەرگی بۆ سەر لاوەکان نییە بەڵام بۆ یەکەم جار بەهۆی کۆڕۆناوە ٣ منداڵی تهمهن ١ ساڵ و تهمهن ٩ ساڵ لە هەولێر تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە یەکێک لە وڵاتانیش مناڵێکی ٦ ساڵانە گیانی لەدەست داوە.
لە ئەمریکا بۆ یەکەم جار ئاماری ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانیان لە دەست داوە لە ڕۆژێکدا لە ١٠٠ کەس تێپەڕی و مردن بەهۆی کۆڕۆناوە لە ئەمریکا گەیشتە ٥٠٠ کەس.
لە ئیتالیا کە زۆرترین قوربانیی کۆڕۆنای تێدا تۆمار کراوە، ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦٠١ کەس گیانیان لەدەست داوە و ئاماری قوربانییەکانی ئەو وڵاتە گەیشتە ٦٠٧٧ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی فەڕانسەش لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٨٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەی قوربانییەکانی ئەو وڵاتەش گەیشتە ٨٦٠ کەس.
لە وڵاتی چین کە ڤایرۆسەکە لەوێدا سەری هەڵدا، بۆ ماوەیەک توانیان تا حەددێک کۆنتڕۆڵی بکەن بەڵام ئێستا هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە بۆ جارێکیتر تەشەنەی سەندووە و ڕۆژی ڕابردوو ژمارەی قوربانیان زیادی کردۆتەوە.
لە وڵاتی ئێران کە دوای چین لە ڕێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی “ماهان” ڤایرۆسەکەی تێدا بلاوکراوەتەوە، ژمارەی قوربانیان هەموو ڕۆژی هەر زیاد دەکا، لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم ئاماری دروستی قوربانیان بڵاو ناکەنەوە بەڵام هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٢٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەو وەزارەتە تا ڕۆژی دووشەممە ژمارەی قوربانیەکانی ١٨١٢ کەس ڕاگەیاندووە بەڵام لایەنە پێوەندیدارەکانی ناحوکمی ئەو ئامارە بە ناڕاست دەزانن. وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری تووشبوان بە کۆڕۆنای ٢٣ هەزار و ٦٤ کەس ڕاگەیاندووە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم ڤایرۆسە هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە و هەر ڕۆژە لە شارێک کەسێک یان کەسانێک گیان لەدەست دەدەن. بەهۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئاماری قوربانیەکان بە دروستی بڵاو ناکاتەوە، تا ئێستا ژمارەی تووشبوان و ئەو کەسانەی بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەست داوە ڕانەگەیەندراوە.
لە هەرێمی کوردستان حکومەت توانیویەتی دۆخەکە کۆنتڕۆل بکا و تا ئێستا ٩١ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. لە هەولێر هەموو هێزەکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەتەواوی هاتوچۆی پیادەش ڕادەگرن و ناهێڵن خەڵک لە ماڵەکانیان بینەدەرەوە.