پزیشکانی بێسنوور کە لە کاتی پێویست و کاتی قەیرانەکان بە فریای خەڵک و وڵاتانی جیهانەوە دەچن، ئەمجارەیان لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕیگەیان پێنەدرا هاوکاری خەڵکی ئێران بکەن.
پاش دژایەتی کردنی چەند بەرپرسێکی ڕێژیم لە هەمبەر هاتنی پزیشکانی بێسنوور بۆ ئێران یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ڕێژیم ڕایگەیاند لە ئێستادا پێویستمان بە هاتنی ئەوان نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەڕانسە ڕایگەیاند کە تیمێکی پزیشکانی بێسنوور دەگەنە ئێران و نەخۆشخانەیەکی کاتی و کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی تایبەت بە کۆرۆنا لە گەڵ خۆیان دەبەن، بەڵام دوابەدوای دژایەتی چەند کەسی نیزیک لە خامنەیی وەکوو “حوسێن شەریعەتمەداری” کە وتی فەڕانسە دۆستی ئێمە نییە و لە شەڕی ئێران و عێراقدا یارمەتی سەددامی داوە هەروەها “عەلیڕەزا وەهاب زادە” یاریدەدەریی وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئێمە خۆمان بەسیجمان هەیە و پێویستمان بە پزیشکانی بێسنوور نییە، لە لایەکی تریشەوە وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە پێویستیمان بە هاتنی ئەوان نییە..
کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە درۆ باسی گەمارۆی دەرمان دەکا لە لایەن ئەمریکاوە بەڵام لە لایەکی دیکەوە یارمەتی پزیشکی و دەرمانی جیهانی ڕەت دەکاتەوە.