دوای هەڵاتنی ٢٣ بەندکراو لە بەندیخانەی ”خۆڕەم ئاوا”ی پارێزگای لوڕستان، تێکهەڵچوون لە بەندیخانەی شاری “ئەلیگوودەرز”ی سەر بەو پارێزگایە ڕوویدا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ٢ڕۆژ پاش تێکهەڵچوونی بەندکراوان و پاسەوانانی بەندیخانەی خۆڕەم ئاوا و هەڵاتنی ٢٣ بەندکراو لەو بەندیخانەیەدا کە یەکێک لە بەندکراوەکان کوژرا و یەکێکی تریش بریندار بوو، ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی هەواڵی تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ زیندانییەکان لە بەندیخانەی شاری ئەلیگوودەرز ڕوویدا و لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی شاری ئەلیگوودەرزەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
شایانی باسە کە پاش ئەوەیکە پەتای کۆرۆنا بە هۆی کەمتەرخەمی و چەواشەکاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرت و شوێنە گشتییەکان وەکوو شوێنێکی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە دەستنیشان کران و هەروەها تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لەسەرتاسەری ئێران و جیهاندا، نیگەرانی بەندکراوان، بنەماڵەکانیان، ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیی لێکەوتەوە و سەرەڕای ئەو گوشارانە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ئەو هەواڵانەی کە باس لە گیانلەدەسدانی چەند بەندکراوێکیش بەهۆی کۆرۆناوە دەکەن، بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخوندی هیچ بایەخێک بە گیانی زیندانییەکان نادەن و بەندکراوانیش بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لە چەند زیندانێکیش تێکهەڵچوون لەنێوان پاسەوانان و بەندکراواندا ڕوویداوە .