لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، حوکمی ٢٤٥ساڵ زیندان، ٩٨٢ زەربە قامچی و ٣ حوکمی لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی سیاسیی ئێرانیدا سەپاوە.
لە زۆربەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤدا، لە ماوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا لانیکەم ٥٠ کەس لە زیندانییانی سیاسی لە سەرانسەری ئێراندا حوکمیان بەسەردا سەپاوە. سەرجەم سێ بەندکراوی سیاسی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و ٢٤٥ ساڵ بەندکران و ٩٨٢ زەربەی قامچی بەسەر کۆمەڵێک لە زیندانییدا سەپاوە و ماوەی حوکمی زیندانییەکە لە ٣ مانگ تا ١٠ ساڵ لەخۆی دەگرێ.
زیندانییانی سیاسیی ئێران بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و دژایەتیی خودا و زۆر تۆمەتی دیکە زیندانی کراون. لە ئێستادا زۆربەی زیندانییەکانی ئێران لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسی، جگە لە حوکمی خۆیان، لە ناوەندە دینییەکانی کۆماری ئیسلامیشدا بەزۆر کاریان پێدەکەن کە یەکێک لەوان مردووشۆرییە. شایانی باسە کە زۆربەی ئەو زیندانییە سیاسییانە پێکهاتوون لە چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەندامانی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم، چالاکانی ژینگەپارێزی، چالاکانی بواری ژنان، ڕۆژنامەنووسان و شاعیر و نووسەر و…، ئەو سزایانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناتەبان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە کە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەو پێشێلکارییە هەر بەردەوامە و لە زیندانەکاندا هیچ ڕێزێک لە کەرامەتی ئینسان ناگیرێ.