بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندیی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دا گردی “گەورە”ی ئاوایی “نەرزیوێ”ی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن کەسانی هەلپەرەست و پاوانخواز تێکدراوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بەو ناوەندە گەیشتوون، ئەو خەڵکانەی لە دەوروپشتی گردەکە زەویوزاریان هەیە هەموو ساڵێ چەند میترێک لەو گردە دادەڕمێنن و بە زەوییەکەی خۆیانیەوە دەلکێنن.
هەروەها دەگوترێ بەرپرسانی پێوەندیدار هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ پێشگرتن بەم دیاردە قێزەونە هەڵنەهێناوتەوە و تەنانەت لە زۆر شوێن گوێ و چاوی خۆیان لە ئاست ئەم دیاردەیە لە بەرامبەر پووڵ و پارە نووقاندوە و ساڵانە بە دەیان دۆنم لە ژینگەو زەوییەکانی کوردستان تێکدەدرێن و سەرچاوە مێژووییەکانی بە تاڵان دەبردرێن.
شایانی باسە، ماوەی چەند ساڵێکە تێکدانی سروشتی کوردستان، سووتانی دارستانەکان و بە تاڵان بردنی سەرچاوە سرووشتی و مێژووییەکان لە لایەن مافیاکانی ژینگەو دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشێک لە کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو و لەم پیوندییەدا بەردەوام چالاکانی بواری ژینگەو ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان هۆشداری دەدەنە خەڵک و ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن کە چۆن لە بەرامبەر ئەم پرسەدا هیچ هەڵوێستێکیان نییەو پێش بەم دیاردە ناشیرنە ناگرن.











