بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە دەیان زیندانیی سیاسی لە زیندانی “فەشافوویە” تاران مانیان لە خواردن گرت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٩٨ی هەتاوی ٤٥ زیندانیی سیاسی لە زیندانی “فەشافوویە” لە تاران بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە پەسەند نەکردنی داواکاری چوونەدەرەوەی بە مەرج لە زیندان بە هۆی کۆرۆناوە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، مانیان لە خواردن گرتووە.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی “دەنگی بەندکراوان” پاش ئەوەیکە غوڵام حوسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بەندکراوانی “ئەمنییەتی” دەبێ لە زینداندا بمێننەوە و ڕەتیکردەوە کە بە دانانی بارمتەش بۆ ماوەیەکی کاتی و لەبەر مەترسی کۆرۆنا ئازاد بکرێن، ٤٥ کەس لە زیندانییەکان بە هۆی دیارنەبوونی چارەنووسیان و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان و مەترسی ئەو پەتایە لەسەرژیانی هەموو بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمەوە مانیان لەخواردن گرتوە.
شایانی باسە بێجگە لە زیندانیانی سیاسی کە پێشتر دەسبەسەرکرابوون زیاتر لە ١٠هەزارکەس لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا دەسبەسەرکراون کە چارەنووسیان نادیارە.
جێگای ئاماژەیە کە بەندیخانەکانی ئێران دۆخێکی زۆر خراپیان هەیە و هیچ بنەمایەکی مرۆیی تێدا ڕەچاونەکراوە وبە پێی ئامارەکان ٣ بەرابەر زیاتر لە رادەی خۆی بەندکراوی تێدایە.