بەپێی دوایین زانیارییەکان و هەواڵەکانی بازاڕی دراوی ئێران، نرخی دۆلاری ئەمریکایی لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا گەیشتووەتە ١٦ هەزار تمەن .
لەگەڵ ئەوەیکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و دواتر لە جیهان بە گشتی بڵاوبۆوە و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت، نرخی سکەی زێڕ و دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز بۆوە و بازاڕی بوورس بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ـی ڕەشەمە، نرخی سکەی زێڕ گەیشتە ٥ میلیۆن و ٨٥٧ هەزار تمەن، نرخی دۆلار لە ڕاگەیەندراوە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە ١٤هەزار و ٤٨٠ تمەن باسی لێوە کرابوو بەڵام مامەڵەی نێو بازاڕی ئازاد ئەو نرخەی تێپەڕاندوە.
لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا هەر دۆلارێکی ئەمریکایی بە ١٦ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە. شایانی باسە کە چوونەسەری نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەریی بانک و سیستمی بانکداریی کۆماری ئیسلامی کە لە حاڵەتەکانی ڕوودانی قەیراندا ناتوانن بە باشی کۆنترۆڵی نرخ و بازاڕ بکەن. هەر بۆیە نرخی دۆلار لەلایەکەوە بەرز دەبێتەوە و لەلایەکەوە دراوی ئێران واتە ڕیاڵ زیاتر بێ نرخ دەبێ. پارەی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا بەگشتی بە ئاستێکی بەرچاو بێ بایەخ بووە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر چۆنییەتیی بەڕێوەبەریی و دەوڵەتداری کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.