نووسەر و چالاکیی کورد “موژگان کاووسی” بێ ئاگاداری خۆی و پارێزەرەکەی و بێ بەڕێوەچوونی دادگای پێداچوونەوە حوکمی پێداچوونەوەکەی دەرکرا.
ناوبراو لە پەیجی کەسیی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاندوە کە حوکمی پێداچوونەوەکەی دەرکراوە، بەڵام هێشتا پێی ڕانەگەیەندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز “موژگان کاووسی” نووسەر و چالاکیی فەرهەنگیی خەڵکی کەلاردەشتی مازندەران بۆ دادگای “نەوشەهر” بانگ کرابوو و حوکمی ٦٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو.
جێی ئاماژەیە، دادگای شۆڕشی “نەوشەهر” چەند مانگ پێش بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک حوکمی قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی بۆ ئەم چالاکە کوردەی دەرکردبوو.
دادگای شۆڕشی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی ” ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” بە ٣٣ مانگ و” هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی” بە ٣٠ مانگ و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کردبوو.
شایانی باسە ناوبراو لە چالاکانی مەدەنیی کەلاردەشتە کە لە بوارەکانی فەرهەنگی و هونەریدا چالاکی کردوە و ئامادەکار، نووسەر و دەرهێنەری کورتە فیلمی “هیوا”یە کە دێکیۆمێنتارێکی چیرۆکییە لە بارەی مەترسیی لەنێوچوونی زمانی کوردی لە کەلاردەشتدا.











