زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ١٤ پارێزگای ئێران، بەهۆی خواردنی مەشرووب و ئەلکۆلی ژەهراوی بوونە و هەندێکیشیان گیانیان لەدەست داوە.
بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو ڤایرۆسە لەنێو خەڵکدا، هەندێک لە فرۆشیارانی مەشڕووبە ئەلکۆلییەکان ویستوویانە کە سوودی زیاتر لە مەشرووب فرۆشتن وەدەست بێنن و خەڵکیش بە بیستنی ئەوەیکە خواردنی مەشڕووب پێش لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێ، ئەلکۆلی دەسکردیان خواردۆتەوە کە زۆربەیان ژەهراوی بوونە و هەندێکیان گیانیان لەدەست داوە. بەشێک لە فرۆشیارانی مەشڕووب لە ئێران، بە تێکەڵ کردنی ئەلکۆل و وایتێکس یان مێتانۆل و هەندێک شتی دیکە، ئەلکولی ژەهراوییان دروست کردوە و خەڵکێکی زۆریان تووشی ژەهراوی بوون کردوە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی پزیشکیی شاری فارس ڕایگەیاندوە کە تا ئێستا لەو شارە ٣١ کەس بەهۆی خواردنەوەی ئەلکۆلی ساختە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها زانکۆی پزیشکیی ئەردەبێڵ ڕایگەیاندوە کە لە ئەردەبێڵ ١٩ کەس بەهۆی خواردنەوەی ئەلکۆلی ژەهراوییەوە مردوون.
هەرچەند ئەوە تەنیا ئاماری بەرچاو و ڕێژەی زۆری قوربانیانی ئەلکۆلی ژەهراوییە لەو دوو شارە، بەڵام لە ئیسفەهان، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، هەمەدان، مازەندەران، ئەلبورز، کرماشان و سنە، دەیان کەسی دیکە هەر بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵ و چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا نادا، بەشی ناخۆش و پڕ دەردیسەری ئەو ڤایرۆسە دەکەوێتە سەر شانی خەڵک و هەندێکیش لە خەڵکی ئێران، بە بیستنی چەند هەواڵێکی دوور لە ڕاستی ڕوو لە خواردنی ئەلکۆل دەکەن و نازانن کە هەلپەرەستەکان ئەلکۆلی ژەهراویان پێ فرۆشتوون. لە ئێستادا باشترین کار بۆ خۆپاراستن و تووش نەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاراستنی پاکوخاوێنییە و پێویستە هەر تاکێک بۆخۆی هەوڵی پاراستنی گیانی خۆی و بنەماڵەکەی بدا تاکوو کۆمەڵگە لەو ڤایرۆسە مەرگهێنەرە بەدوور بێ.