بەپێی ئامارێک کە ناوەندی هەڵسەنگاندنی خوێندکارانی ئێران بەدەستی هێناوە، سەتا ٨٩ـی خەڵکی ئێران خوازیاری قەرەنتینە کردنی ئەو شارە گەورانەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیاندا سەری هەڵداوە و ئێستا بوونەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە.
بەپێی ئەو ئامارە کە ناوەندی هەڵسەنگاندنی خوێندکارانی ئێران لە ڕێکەوتی ٢١ تا ٢٥ـی ڕەشەمە وەدەستی هێناوە، خەڵکی ئێران لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڕۆنا نیگەرانن و بەشی زیاتری نیگەرانییەکەیان سەبارەت بەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکی جیددیی بۆ چارەسەر کردنی ئەو ڤایرۆسە نەداوە. لە دۆخی ئێستادا وڵاتی ئێران بووەتە سەرچاوە و گواستنەوەی نەخۆشیی کۆوید١٩ و خەڵکی چەند وڵاتی جیهان لە ڕێگەی کەسانێک کە سەفەری ئێرانیان کردوە یان کەسانێک کە لە ئێرانەوە هاتوون و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ئیسنا بەشێوەیەکی دیکە باسی لە نیگەرانیی خەڵک کردوە؛ ئیسنا لەوپێوەندییەدا ڕایگەیاندوە کە سەتا ٧٥ـی خەڵک کە لەو ڕاپرسیەی خوێندکارانی ئێراندا بەشداریان کردوە، ئەندامانی بنەماڵەکەیان یان کەسانێکی نزیکیان تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و دڵەڕاوکێی خەڵک لەو بارەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانە کە وەدەست کەوتوون، سەتا ٧٨ـی ژنانی ئێران و سەتا ٧٣ـی پیاوانی ئێران، لە بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانن.
شایانی باسە کە ئەو خەڵکە چاوەڕوانیی ئەوەیان لە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەی هەیە کە بەسەر ئەو دۆخە ناخۆشەدا زاڵ بێ و ڕێکاری پیویست بگرێتەبەر، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت بێ گوێدانە بیروڕای خەڵکی ئێران هەر لە فکری بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و چاوەڕوانن ئیمامی زەمان خەڵک لە مردن و ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕزگار بکا.