خاتوو مریەم قازی کچی شەهید پێشەوا قازی محەممەد لە وڵاتی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی خاتوو مەریەم قازی، کچی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە عەممانی پێتەختی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد.
خاتوو مریەم قازی لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. کاتی لەدایکبوون و مناڵیی خاتوو مریەم هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی سپای حەمەڕەزا شا بۆسەر کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوای سەرۆک کۆماری کوردستان، هەربۆیە بەداخەوە وەک چارەنووسی هەزاران مناڵی کورد لە نازی باوکی بێبەشکرا و لە تەمەنی یەکساڵیدا باوکی لەلایەن دوژمنانی کوردەوە لەسێدارەدرا و ئەرکی پێگەیاندنی مریەمی یەک ساڵانە کەوتە سەرشانی مینا خانمی هاوژینی پێشەوای شەهید و ئەویش وەک دایکێکی ڕووسوور و نیشتمانپەروەر هەموو هەوڵێکی دا تا بتوانێ پەروەردەی بکا و پێی بگەیەنێ و بەوپەڕی فیداکارییەوە ئەو ئەرکەی بەجێ هێنا.
خاتوو مریەم قازی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەهاباد تەواوکرد و دواتر لە شاری تارانی پێتەختی ئێران درێژەی بە خوێندن داوە و هەر لە شاری تاران ژیانی هاوبەشی لەگەڵ سەرداربەگی جاف پێکهێناوە و دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەڕیوەی هەندەران بوون و ڕوویان کردە بەغدای پێتەختی عێراق و دواتر لە وڵاتی ئۆردۆن گیرساونەوە.
خاتوو مریەم قازی تا کۆتایی ژیانی لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەپێوەندیدا بوو و زۆر جار یەکتریان دیتوە. خاتوو مریەمی قازی کچی پێشەوای شەهید، ژنێکی دڵسۆز و مێهرەبان و نیشتمانپەروەر بوو و تا کۆتایی ژیانی هەر پەڕیوەی هەندەران و سەرەنجام هەر لە غوربەت و لە وڵاتی ئۆردۆن ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاویی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی تێکۆشەری حیزبەکەمان بەڕێز کاک عەلی قازی کوڕی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و خوشکەکانی و بنەماڵەی بەڕێزی قازی و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











