ڕۆژی ١٦ی مارس یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکانی مێژووی خوێناوی کوردە و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێنج هەزار کوردی بێتاوان لە شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستان بە چەکی شیمایی گیانیان لێ ستێنرا.
ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٨٨ی زایینی واتە ٣٢ ساڵ لەمەوبەر حکوومەتی بەعسی عێراق لەهێرشیکی دژە ئینسانی و بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو، لە ماوەی چەند خولەکێکدا پێنج هەزار کورردی بێتاوانی هەڵەبجەیی تەنیا بە تاوانی کوردبوون شەهید کرد. پێنج هەزار کەس لە مناڵی ساوا و گەنج و پیر و ژن و پیاوی کورد بەچەکی شیمیایی خنکێنران و تاوانێکی تر بە تاوانەکانی دژمنانی کورد و کارەساتێکی تر بە کارەساتەکانی مێژووی خوێناوی کوردەوە زیاد بوو.
لەگەڵ شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس لە شاری هەڵەبجە، هەزاران کەسیش بریندار و نقوستان بوون و شار بە تەواوی چۆل و دەیان هەزار کەس ئاوارەی شاخ و چیاکانی کوردستان و ئاوارەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و تا ئێستاش هێندێک کەس بێسەروشوێن و هەزاران کەسیش بەدەست زامەکانیانەوە دەناڵێنن.
بۆردمانکردنی هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی کە لەو کات و سەردەمەدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵکوژییەکی دگمەن بوو ، بەڵام بەهۆی سات و سەودا سیاسی و بازگانییەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان جیهان و بێ پشتیوانیی گەلی زوڵملێکراوی کورد، پەردەپۆش کرا و ئەوانەی ئەو تاوانە گەورەیان ئەنجامدابوو هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێنەکرا و لەهیچ دادگایەکی نێودەولەتیدا دادگایی نەکران.
دوای ٣٢ ساڵ بەسەر تێپەڕینی شیمیابارانکردنی هەڵبەبجە و دواتر شاری سەردەشت و تا ئەمڕۆش دەیان و سەدان جینایەت دژ بەگەلی کورد ئەنجامدراوە و ئەنجامدەدرێ و بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ و بێهەڵوێستە و زلهێزەکانی جیهان هەروا خەریکن لەژێر سێبەری ساتوسەودا و بازرگانییدا سەرپۆش لەسەر هەموو ئەو جینایەت و ژینۆساید و کاولکارییە دادەنێن کە لەلایەن دژمنانی ڕەنگاوڕەنگی گەلی کورد دەرهەق بەو گەلە دابەشکراو و بەشخوراوە ئەنجامدەدرێ.











