بەپێی ئاماری لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ١٣میلیۆن و ٩٠٠هەزار کەس لە ١٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسی خانەنشین کراو، ساڵانە یارمەتی وەردەگرن.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان چووەتە سەرەوە و زیاتر لە سی ساڵ لە ئیدارە و دامەزراوەکانی ئێراندا کاریان کرد، بە پێی یاسا خانەنشین دەکرێن و لەلایەن حکومەتەوە پارەی خانەنشینیان پێدەدرێ. پێدانی پارەی خانەنشینی لە وڵاتانی جیهان بەشێوەی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ بەڵام لە سیستمی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا بابەتەکە پێچەوانەیە. کەسانێک هەن کە خانەنشین کراون و پارە وەرناگرن، کەسانێک لە کات و تەمەنیان تێپەڕیوە بەڵام هێشتا خانەنشین نەکراون و کەسانێکیش هیچ ڕابردوویەکی کارییان بۆ حیساب نەکراوە. پارلەمانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٧ میلیۆن کەس لە ئێران هەن کە خانەنشین بوونە بەڵام ١٣ میلیۆن کەسیان مووچە وەر دەگرن کە ساڵانە یەک میلیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنە. تازە پارلەمانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە کە لە ساڵی داهاتوودا مووچەی خانەنشینییان بکرێتە دوو میلیۆن تمەن.
خانەنشینان لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنێک کاریان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە لەگەڵ گرفت و نەبوونی و نەداری بەرەوڕوون و ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایەتیان زیاتر بەرز دەبێتەوە و دەوڵەتیش وەک هەمیشە نەک هەر وڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە، بەڵکوو گیان و ژیانی ئەوانی بەلاوە گرینگ نییە و بەجێی پێڕاگەیشتن بە خەڵکی زەحمەتکێش، خەریکی بەفیڕۆدانی سامانی گەلانی ئێرانە لەپێناو سازماندانی هێز و گرووپ و میلیشیای تێرۆریست و کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە لەجیهاندا.