“بەهرام پارسایی” وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەسڵی نەوەد لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر بە سەرەکیترین تاوانباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ناو دەبا.
ڕۆژی هەینی ٢٣ـی ڕەشەمە، بەهرام پارسایی ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە و بەردەوام بوون لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ وڵاتی چین دەگرێتە ئەستۆ. ئەو نوێنەرە کۆمپانیاکانی ماهان ئەیر و ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێرانی بە سەرەکیترین تاوانباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران ناو برد. شایانی باسە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە لە وڵاتی چین، کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هیچ گەشتێک و سەفەرێکی ئاسمانی بۆ وڵاتی چین ئەنجام نادرێ و هەموو گەشتەکان ڕاگیراون. بەڵام زۆری نەخایاند کە کۆمپانیای “ماهان”ی سەر بە سپای پاسداران بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆی گەشتەکانی دەسپێکردەوە و لەو ڕێگەیەوە ڤایرۆسەکە هاتە نێو خاکی ئێران و بەزوویی هەموو وڵاتی داگرت.
بەهرام پارسایی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەگەر پێوەندیی بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین بچڕابا، ئەوە لەم دۆخەی ئێستامان باشتر دەبوو.
ناوبراو ئەو قسانەی بەدرۆ خستەوە کە کۆمپانیای ماهان گوتبووی ئەرکمان هێنانی کەلوپەلی پزیشکی بووە بۆ ئێران و ڕایگەیاند کە ئەو کۆمپانیایە لەپەنا کەلوپەلی پزیشکی خەریکی مامەڵەی دیکە بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە یە کە سەرەڕای ئەو کارەساتەی کە بەسەر خەڵکی ئێرانیان هێناوە، بەڵام تا ئێستاش گەشتەکانی کۆمپانیای ماهان ڕانەگیراون و سپای پاسداران بە قیمەتی گیانی خەڵک هەر خەریکی مامەڵە و بازرگانییە و گیانی خەڵک بەلایانەوە بایەخی نییە.