ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سەد ساڵی ڕابردوودا نموونەی نەبووە و ئەم ڤایرۆسە لە ماوەیەکی کورتدا هەموو جیهانی داگرتووە.
لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و تاقیکردنەوە پزیشکییەکان، لایەنە پێوەندیدارەکان هۆشدارییان دا بە خەڵک و بەهەموو شێوەیەک بەرەوڕووی بوونەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و چارەسەرەکان زۆرتر لەچوارچێوەی خۆپاراستندا ماونەتەوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە دوای چین لە ڕێگەی کۆمپانیای “ماهان” هاتە شاری قوم و لە شاری قومەوە هەروەک پەتاکەی چل و یەک ساڵ پێش، بە زوویی بوو بە بەڵای سەری خەڵکی جیهان و خەڵکی تووشی نەهامەتی کردووە.
بەهرام یارسایی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ماهان بوو بەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ ئێران. لەگەڵ ئەوەی کە هەواڵدەرییەکان و ئازادیخوازانی ئێرانی پێشتر کۆمپانیای ماهانی سەر بە سپای پاسدارانیان بە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بۆ ئێران ناو دەبرد، ئەوە ئەمڕۆ لە زمان کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ئەم قسەیە پشتڕاست دەکرێتەوە و پێویست بە بەڵگەهێنانەوە ناکا.
ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیادبووندایە و بەهۆی ناکارامەیی، خەمساردی و گوێ پێنەدانی کاربەدەستانی ڕێژیم، خەڵک لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان خۆیان هەڵمەتێکیان بۆ ئاگادار کردنەوە، ڕێنمایی و پێشگیریی لەم ڤایرۆسە دەست پێکردووە.
لە ئیتالیا و ئیسپانیا دەوڵەتانی ئەو وڵاتانە خەڵکیان قەرەنتینە و هاتووچۆی شارەکانیان ڕاگرتوە. هەرێمی کوردستان بە هەوڵێکی شێلگیرانە لە هاوسنووریی ئێران توانیویەتی دۆخەکە کۆنتڕۆل بکا، دەوڵەتی ئەمریکا گەشتەکانی خۆی بۆ زۆر لە وڵاتانی جیهان ڕاگرتووە و زۆر لە وڵاتانی جیهان ڕێکاری توندوتۆڵیان بۆ پێشگیری لە پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە گرتۆتە بەر بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تازە بە تازە حەرەمی ئیمام ڕەزا و حەرەمی مەعسوومە لە شارەکانی قوم و مەشهەد دادەخەن.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیم بەجێی ئەوەی کە لە فکری خەڵک دابن ونەهێڵن بەهەموو ئێراندا بڵاوبێتەوە، کۆبوونەوەیان بۆ خەڵک پێکدێنا و لە پشت تریبوونەکانەوە ئەم هەواڵەیان بە چەواشەکاریی ئەمریکا و دوژمنانی ئیسلام ناودەبرد، بەڵام ئێستا سەرۆک کۆمار بە سکایپی دوژمنانی ئیسلام و بەرپرسانی ڕێژیم بە دەمامکەوە کۆبوونەوە دەکەن.
کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خۆدەربازکردن و پاراستنی ئاخوندەکان، لە زۆر شوێن کۆشکەکانیان چۆڵکردووە و بۆ خۆدەربازکردن لە مەرگ، بارگە و بنەیان بەرەو کوردستان و سیستان و بەلوچستان پێچاوەتەوە و لەم پێوەندییەدا هادی میرزایی سەرۆکی زانستگەی علوومی پزیشکی ڕایگەیاند کە بەهاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە، ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوبۆتەوە .
تا ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ژمارەی قوربانیانیان ٦١١ کەس و ژمارەی تووشبووانیان نزیک بە ١٣ هەزار کەس ڕاگەیاندووە کە هەواڵدەرییە سەربەخۆکان باس لە ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر دەکەن کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاندووە.