بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی حاجی “برایمی خالید نژاد” ناسراو بە حاجی دەروێش برایم باوکی هاوڕێی پێشمەرگەمان کاک ئەحمەد دەروێش و هاوڕێی حیزبیمان کاک وەستا ڕەحمان، لە شاری سەردەشت لە تەمەنی ١١٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حاجی دەروێش لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بۆتە ئەندامی حیزبی و ئەو کات یەکێک لە باوەڕپێکراوانی کاربەدەستانی کۆماری کوردستان بە تایبەتی حاجی بابە شێخ سەرۆک وەزرانی کۆماری کوردستان بووە چەندین جار نامە و ڕاسپاردەکانی حاجی بابە شێخی گەیاندۆتە خزمەت پێشەوا قازی محەممەد و بە دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی جێبەجی دەکرد. حاجی دەروێش خەڵکی گوندی “کانیەڕەش”ی ناوچەی مەهاباد بوو کە دوایی بەهۆی زوڵم و زۆری دەربەگەکان بەرەو سەردەشت کۆچی کرد و تا کۆتایی ژیانی هەر لە سەردەشت مایەوە.
حاجی دەروێش دوای کۆماری کوردستان پێوندی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزب گرتەوە و بە تایبەت لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ وەک ئەندامێکی چالاک و ماندوویی نەناس هاوکار و ڕازدارێکی باوەڕپێکراوی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات بووە وماڵیان بۆتە جێگەی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی دێموکرات و نامە و ڕاسپاردەکانی شەهید مەلا ئاوارەی گەیاندۆتە دەستی ئەندامانی حیزب و بەدڵسۆزییەوە ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە.
حاجی دەروێش لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیشدا هەردەم وەک کەسێکی دڵسۆزو بە وەفا، هاوکار و خەمخۆرێکی حیزبی دێموکرات و هاوڕێ و هاوکاری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو و لە هەر ئەرکێکی حیزبی کە بۆی دیاری کرابێ درێغی نەکردووە. ناوبراو جێی باوەڕ و متمانە، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو.
کاک ئەحمەد دەروێشی کوڕی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە خۆی و بنەماڵەکەی تا ئێستاش بەردەوام وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و ماندوویی نەناس لە خزمەت حیزبدا بووە و کوڕێکی دیکەی بە ناوی وەستا ڕەحمان چەند ساڵ لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئەشکەنجە و ئازاری جەللادەکانی تەحەممول کرد و دەستی لەبیر و باوەڕەکەی هەڵنەگرت و دوای ئازادبوونیشی لەنێوخۆی وڵاتدا وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی درێژەی بە کار و تیکۆشان دا و دواتر پەڕیوەی غوربەت بوو و تا ئێستاش لە خزمەت حیزب و ڕێبازەکەی دایە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی حاجی دەروێش برایم و هەموو خەڵکی سەردەشت و دەورووبەری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











