دوای ئەوەی کە میلیشیاکانی عێراقی هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، ئەمریکا بە توندی وڵامی دانەوە.
بەپێی هەواڵی “سکای نیوز” پاش بوردومانی توندی ئەمریکا، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شاری “قائێم” لە سنووری سووریە دەکشێنەوە.
سەرلە بەیانی ئەمرۆ٢٥ی رەشەمە هیزەکانی ئەمریکا بە تۆڵەی هێرشی دووبارەی میلیشیاکان بۆسەر سەربازگەی “ئەلتاجی” و بریندار بوونی ٣ ئەمریکایی، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی چڕوپڕیان کردە سەر بارەگای ئەو گرووپە لە شاری” قائیم ” لە سنووری سووریە .
جاناتان هافمەن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی سەر سەربازگەی تاجی باکووری بەغدا، سێ سەربازی ئەمەریکا برینداربوون کە برینی دووانیان سەختە.
هافمەن هەڕەشەی وڵامدانەوەی توندی هێرشەکەی لە گرووپە چەکدارەکان کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هێزەکانی عێراق چەند گومانلێکراوێکییان دەستگیرکردووە.
شایانی باسە کە دوێنێ٢٤ی ڕەشەمە بە ٣٣ مووشەکی کاتیۆشا هێرش کرایە سەر سەربازگەی تاجی، ئەمەش دووەم هێرشی مووشەکییە لە ماوەی هەفتەیەکدا و جاری یەكەم پێنجشەممەی ڕابردوو دوو سەربازی ئەمریكایی و سەربازێکی بریتانیا كوژران.