بەندی سیاسیی زیندانی سنە ” زانیار دەباغیان”، دوای کۆتایی هاتنی حوکمی بەندکرانەکەی تا ئێستاش لە بەندیخانە بەسەر دەبات.
ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە یەک ساڵ بەندی تەعزیری مەحکووم و لە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو بۆ تەواو کردنی حوکمی یەک ساڵ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، زانیار دەباغیان لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی بەندکرانەکەشی بەڵام تا ئێستا هەر لە بەندیخانە بەسەر دەبات.
بە پێی زانیارییەکان هۆکاری ڕێگری کردن لە ئازاد کردنی ئەو بەندییە دەگەڕێتەوە بۆ دروست کردنی پەروەندەیەکی تر کە تا ئێستا زانیاریی تەواو لە تۆمەتی نوێی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
ناوبراو لە ١٦ی ڕەزبەری ٩٧ دەسبەسەرو لە ٢١ی سەرماوەز دوای لێپیچینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی قەرەنتینەی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.
زانیار دەباغیان پێشتریش لە ٢٢ی سەرماوەز دوای ٦٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆنی تا کاتی دادگایی کردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
دواجار لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٩٧ بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژی نیزام” و “ئەندام بوون لە حیزبێکی دژبەری ڕێژیم” لە لایەن دادگای شۆڕشی سنە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری حوکم درا.
ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ بۆ زیندانیی ناوەندی سنە ڕاگواێزراو بە حیساب کردنی ٦٧ ڕۆژی دەسبەسەرکرانی پێشتری ماوەی حوکمی یەک ساڵەکەی کۆتایی پێ هاتووە.











