ئەنجومەنی نووسەرانی ئێرانی بانگکردنی نووسەرانی بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە مەحکووم کرد.
ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحکووم کردنی بانگکردنی سێ نووسەری ئێرانی بە ناوەکانی” ڕەزا خەندان مەهابادی، بێکتاش ئابتین و کەیوان باژەن” ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەر کردنی ئەو سێ نووسەرە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکان، یانی ناردنیان بۆ مردنگە و کەوتنە مەترسیی گیانیان و ئەو کارەی کۆماری ئیسلامیی بە ناڕەوا و جینایەت ناو بردووە.
لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی ٢٣ـی ڕەشەممە لەلایەن ئەنجومەنی نووسەرانی ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە قەیرانی کۆڕۆنا بەرۆکی خەڵکی ئیرانی گرتووە و دۆخێکی خراپی خوڵقاندووە. لقی یەکەمی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادسەرای کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ٢٠ـی ڕەشەمەدا، ئەو سێ نووسەرەی بانگ کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە ٥ ڕۆژ مۆڵەتیان هەیە کە خۆیان ڕادەستی لقی یەکەمی دادسەرای کۆماری ئیسلامی لە زیندانی ئێڤین بکەن و بۆ هەر یەک لە ڕەزا خەندان مەهابادی و بێکتاش ئەبتین و کەیوان باژەن، ١٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بڕاوەتەوە.
بانگکردن و دەسبەسەر کردنی نووسەران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ژینگەپارێزان و هتد لە سیستمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕۆژبەڕۆژڕوو لە زیادبوونە. ساڵانە ئاماری لەسێدارەدانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا لە سەرووی هەموو وڵاتێک و دەسەڵاتێکی دیکەوەیە. سەرکوت و داپڵۆسین و کوشتن، کار و پیشەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بووە و نەهامەتییەکانی دوای ٤١ ساڵ دەسەڵات، بووەتە بەڵا بۆ گیانی خەڵکی ئێران و هەر ڕۆژە خەڵک تووشی کارەساتێک دەکەن و خەمخۆرانی وڵات و ڕووناکبیران دەخرێنە زیندانەکانەوە و ناهێڵن خەڵک بە ئاسوودەیی ژیان تێپەڕ بکا.