کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران ڕۆژانە هەزاران پەنابەری ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێنەوە.
وەزارەتی کاروباری پەنابەرانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی سنووی “اسلام قلعە”ـی هەراتەوە زیاتر لە ١٦ هەزار ئەفغانی لە ئێرانەوە بە دڵخوازی خۆیان گەڕاونەتەوە . هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا ئاماری شەش کەسی ئەفغانییان لەبەردەست دایە کە لە ئێران بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ئیدارەی پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٩هەزار کەس و لە ٣ مانگی ڕابردووشدا ٨٣ هەزار ئەفغانی گەڕاونەتەوە ئەفغانستان.
جێی ئاماژەیە کە گەڕانەوەی ڕۆژانەی هەزاران ئەفغانی لە ئێرانەوە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ئەفغانستان و لەگەڵ ئەوەیکە تەشەنە سەندنی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوامە، بەڵام سنوورەکانی ئێران و ئەفغانستان هێشتا هەر کراوەیە و دانەخراوە.
لە هەمان کاتدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گیانی هەزاران کەسی خستووەتە مەترسییەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستانیش ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ١٦٥ کەسی گومان لێکراوی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تاقیکاریان بۆ کراوە کە تەنیا ٧ کەسیان تووشبوونە و ئەوانی دیکە سڵامەتن. وەزارەتی تەندروستی لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئەو ٧ کەسە بەهۆی سەردانیان بۆ ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە کە دوو کەسیان خەڵکی ویلایەتی سەمەنگان و ٥ کەسیشیان خەڵکی ویلایەتی هەراتن.