لە وڵامى هێرشە مووشەکییەکەى سەر سەربازگەى تاجی لە باکوورى بەغدا، فڕۆکە جەنگییەکانى ئەمریکا لەهێرشە فڕۆکەوانییەکانیان شەش کەسیان لەبەرەبەیانى هەینى لەچەند ناوچەی جیاجیاى عێراق کوشتووە.
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، هێرشەکانیان پێنج مۆڵگە و کۆگای چەکی گرووپی کەتائیبەکانى حیزبوڵایان کردۆتە ئامانج، کە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانى هاوپەیمانان بەکاردەهێنران”. سپاى عێراق ئیدانەى هێرشە ئاسمانیەکانى ئەمریکای کرد، کە بووە هۆى کوژرانى شەش کەس و برینداربوونى ١٢ کەسیتر، پرۆسەکەشی بە “هێرشێکى ئاشکرا و پێشیلکردنی سەروەرى خاکی عێراق” وەسف کردووە.
هاوکات مارک ئسپێر، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەى ئامادەیە وڵامى هەر هێرشێکى دیکە بداتەوە کە پێویست بێ. ڕوونیشی کردەوە کە هەموو ڕێکارێکى پێویست بۆ پارێزگارى لە هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە دەگرنەبەر.
هاوکات “دۆمینیک راپ”، وەزیرى دەرەوەى بریتانیا، باسى لەوە کرد کە وڵامدانەوەى هێرشە ترسنۆکانەکانى دژى هێزى هاوپەیمانان لەعێراق خێراو جەرگبڕ بوون.
شایانی باسە کە هێرشەکانى ئەمەریکا بۆ سەر مۆڵگەکانى حیزبوڵا لەچەند ناوچەیەکى عێراق بەهۆى هێرشێکى مووشەکی ئەو گرووپە بووە بۆ سەر سەربازگەى تاجی، کە دوو سەربازی ئەمریکایى و سەربازێکی بریتانی کوژران، هێرشەکەش هاوکات بووە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونى قاسم سولەیمانى کە لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس لەنزیک فرۆکەخانەى بەغدا لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کوژرا.