ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، خاتوو”هەمین مەحموود سەعید” بە هۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
دایە هەمین وێڕای وەستا محەممەدی هاوسەری لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانە بوون کە بە بنەماڵەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بە تایبەت تێکۆشەرانی حیزب لە ساڵەکانی دەیەی ٤٠ی هەتاویدا ئاشنا بوون.
جێی ئاماژەیە کە ماڵی دایە هەمین و وەستا محەممەد جێگەی مانەوە و خۆحەشاردانی تێکۆشەرانی دەیەی ٤٠ هەتاوی بوو، هەر ئەو تێکەڵاوییەش بووە هۆی ئەوەی کە دایە هەمین وەک کەسێکی دڵسۆز و نێشتمانپەروەر لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆیان بە بەشێک لە حیزبی دێموکرات بزانن.
دڵسۆزی و بەخشندەیی دایە هەمین بەڕادەیەک بوو کە سێ کیژۆڵەی ڕووسووری لەگەڵ سێ تێکۆشەر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ژیانی هاوبەشیان پێکهێناو ئەو خاتوونانەش بە درێژایی دەیان ساڵ هاودەم و هاوخەمی هاوسەرە شۆڕشگێڕەکانیان بوون.
شایانی باسە دایە هەمین مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی بەرزو خۆشەویستی نێو خەڵک بوو، هەروەها بۆ هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات دایک بوو و هەموو کات دەرگای ماڵ و دیوەخانی بەڕوویان کراوە بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی دایە هەمین و کچەکانی خاتوو گێلاس و خاتوو دیمەن و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











