لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممە ۲۲ی ڕەشەمەی ٩٨ ناوەندی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە مەریوان، مشتومڕ و لێکهەڵبەزینەوەیەکی توند لە نێوان بەشێک لە ئەندامانی ئەم ستادەدا ڕووی دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەم ستادەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنیەتی و ئینتزامی، لەگەڵ داواکاریی بەرپرسانی تەندروستیی شاریی مەریوان کە پێشگرتن لە هاتوچۆی خەڵکی بیانی و داخستنی سنووری باشماخ بووە، دژایەتییان کردوە و ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە هەتا ڕادەیەک بووە کە گەیشتووەتە ئاستی لێکدان.
ئەو بەرپرسانەی کە دژایەتییان کردوە لە داخستنی ڕێگەوبانەکانی مەریوان، وتوویانە “ئەم هەوڵەیان بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی مەریوان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانیان لە خەزەڵوەری ئەمساڵدایە و، هیچ گرینگییەک بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نادەن”، بۆ ئەوەی بە وتەی ئەوان “خەڵکی شاری مەریوان دەبێ تاوانیی هەوڵە دژە نیزامەکەیان بدەنەوە.”
لە ڕاستیدا وا دیارە یەکێک لە هۆکارەکانی گوێنەدانی بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئەم شارە بە داواکاریی داخستنی ڕێگەکان، تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی ئەم شارەیە بە هۆی بەشداریی چالاکانەیان لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوردا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەردا مەریوان یەکێک لە سەرەکیترین ناوەندی ناڕەزایەتییەکان بوو کە لانیکەم کوژرانی ۱۱ کەس و برینداربوون و دەسبەسەرکرانی دەیان کەسی تری لێکەوتەوە.











