“بنیاد عەبدوالرەحمان برومند”، بۆ یەکەمین جار بە زمانی فارسی نوسخەیەک لە ڕاپۆرتی نووسراوی خۆی سەبارەت بە پرسی ئیعدامی منداڵان لە ئێران بڵاو کردەوە.
هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، ڕاپۆرتی خۆی تایبەت بە ئاخیرین دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕۆژی ٩ی فوریەی ٢٠٢٠ لە چل و سێهەمین دانیشتنی شورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا “جاوید ڕەحمان” لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام لە شورای مافی مرۆڤ گفتوگۆی لەسەر دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرد و لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، باسی لە ئیعدامی منداڵان لە ئێران کردو نیگەرانی خۆی لەم پێوەندییەدا دەربڕی و داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە کۆتایی بە سزای ئیعدام لەسەر کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بهێنێت.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە بە پێی ئامارو زانیارییە کۆکراوەکان، لە ئێستادا ( فوریە ٢٠٢٠/ ڕەشەمەی ١٣٩٨) بە دەیان منداڵی تاوانبار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیعدام کراون و لە ساڵی ڕابردووش لە ئێران چوار مێرمنداڵ ئیعدام کراون، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠-وە لانیکەم ١٤٠ منداڵ کە ئیدعا دەکرێ تاوانێکیان کردوە ئیعدام کراون.
ڕاپۆرتی بنیاد برومند کە لە ژێر ناونیشانی ” لەگەڵ ئەوەی منداڵن بەڵام بە هەمان شێوەی گەورەکان محاکەمە دەکرێن و حوکم دەدرێن” پاساو هێنانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ سزای ئیعدام بۆ منداڵان بە چالش دەکێشێ و پێوەندیی پێگەیشتن (بلوغ) لەگەڵ گەشەی تەواوی ئەقڵ لە سۆنگەی توێژینەوەی زانستی و ئەزموونەکان دەباتە ژێر پرسیار.