ڕێکخراوی “هەواڵنێرانی بێسنوور” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی ڕەشەمە بەرامبەر بە ١٢ی مارسی ۲۰۲۰ لە ڕۆژی خەبات دژ بە سانسۆری ئینتێرنێتی، ناوی “شۆڕای بەرزی سۆشیال مێدیای ئێران”ی خستە نێو لیستی سەرکوتکەرترین ناوەندەکانی ئازادیی مێدیایی لە ساڵی ۲۰۲۰دا.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ناوەندە تێکنیکی زانیارییەکان بەمەبەستی “سیخوڕی لەسەر ڕۆژنامەنووسان و گوشار خستنە سەر ئەوان” بەکار دەهێنێ و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی “دەسڕاگەیشتنی خەڵک بە هەواڵ و زانیاری بکەوێتە ژێر مهترسی و هەڕەشەوە.”
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەم شۆڕایە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی “کۆنتڕۆڵ و دەسپێڕاگەیشتنی هەڵبژێردراو و دیاریکراو بە کاناڵە ئانلاینەکان، داخستنی کاناڵە هەواڵنێرییەکان، ئەپلیکەیشنگەلی وەک تێلێگرام، سیگناڵ، واتساپ، فەیسبووک و تویتێر” دەسەڵاتی حکوومەت زاڵتر و بەهێزتر بکا.
کۆڕی کاریی چاودێریی مێدیایی ڕایگەیاند ئەم ناوەندەی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۲ پێک هات، سیمای ناسراوی سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی تێدایە و بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنیکی جیاوازی فیلتێری ئینتێرنێت، دیوارێکی ئاگرینی دروست کردوە و “ئینتێرنێت بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ کۆنترۆڵ و سەرکوتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و بەرتەسک کردنەوەی ڕاگواستن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربەخۆ کە بە ناوی ئاکاری “دژە شۆڕش” یا “ڕووخێنەر” ناوی لێ دەبرێ، بەکار دەهێندرێ.”
ئەندامانی ئەم شۆڕایە بریتین لە سەرکۆمار، ژمارەیەک لە وەزیرانی بەرچاو، فەرماندەی سپای پاسداران، فەرماندەی پۆلیس، سەرۆکی ڕێکخراوی بانگەشەی ئیسلامی، سەرۆکی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کولتووریی مەجلیس و حەوت کەسایەتیی حەقیقیی تر کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دادەنرێن.
ئەمە بۆ یەکەمین جارە، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، لیستەیەک لەو ناوەندانە کە تەرکیزی چالاکییەکانیان لەسەر سەرکوتی ڕاگەیاندنەکانە، بڵاو دەکاتەوە. ئەم شۆڕایە مافی ئازادیی ڕادەربڕین کە لە مادەی ۱۹ی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتوە، پێشێل دەکا.