لە نامەیەکدا زیاتر لە ١٦٠ ڕۆژنامەوان، شاعیر، لێکۆڵەرو چالاکی مەدەنیی ئازەری ڕوو لە “ئیبراهیم ڕەئیسی”، بەرپرسی قەزایی ئێران نیگەرانی خۆیان لە دۆخی خراپی زیندانیان لە زیندانەکاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕاگەیاندووەو خوازیاری مەرەخەسی پێدان بە هەموو زیندانیانن.
لە بەشێکی ئەو نامەیەدا کە بە ئیمزای زیاتر لە ١٦٠ نووسەر، شاعیر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی کراوە هاتووە کە “مەرەخەس کردنی زیندانییانی سیاسی، وەک هەوڵێکی ئەرێنی و مرۆڤ دۆستانە لەلایەن بنەماڵەی زیندانییان، ڕای گشتیی وڵات و کۆمەڵگەی جیهانییەوە سەیر دەکرێ.”
لە بەشێکی تری نامەکەدا هاتووە، وەک ئاگادارین نەخۆشی کوشندەی کۆڕۆنا ماوەی مانگێکە لە وڵاتدا بڵاوبۆتەوەو بە شێوەیەکی زۆر خێرا هەموو شارەکانی گرتۆتەوە. بە پێی زانیاریەکانیش بە هەزاران کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لە دەستداوە.
لەم پێوندییەدا بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان نیگەرانی زۆر لە تووشبوونی بەڕێوەبەران و کارگێرانی زیندانەکان بەو ڤایرۆسە هەیەو ئەوان بە هۆکاری ئەوەی کە پێوەندی هاتوچۆیان لەگەڵ دەرەوە هەیە، ئەگەری زۆری هەیە هۆکار بن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو زیندانییەکان و لە هەواڵەکانیش باس لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کراوە لە زیندانەکاندا.
وەک ئاگاداریشین کە نرخی پێداویستییەکانی تەندروستی و دژە ڤایرۆسی بۆ پێشگیری لەو نەخۆشیە زۆر گران بووە و بە زەحمەت دەست دەکەوێت، ئاشکرایە کە دەسکەوتنی ئەو پێداویستییانە لە زیندانەکان کەمترە و زیندانەکان بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەی دەرەوە زیاتر ئەگەری تووشبوون بەو ڤایرۆسەیان هەیە.
هەروەک پیشتر بە ڕاگەیەندراوێک بڕیاری ئازاد کردنی بەشێک لە زیندانیان دراوە، گرینگە کە مەرەخەسی بە هەموو زیندانییانی سیاسی دوور لە هەر چەشنە هەڵاواردنێک بدرێت.