خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن کە بەڵای کۆڕۆنا لە کوردستان دوور بخەنەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ پاراستنی گیانی خەڵک دەرگاکانیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست، بەڵام شیرکەتی “ماهان” کە سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی سپا گەشتەکانیان بۆ چین ڕانەگرت و ئەم ڤایرۆسەیان هێنایە ناو خاکی ئێرانەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوە و دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خاتری ڕێپێوانەکانی ٢٢ی ڕێبەندان و بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا سەرپۆشیان لەسەر ڤایرۆسەکە دانا و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان بە چەواشەکاریی ئەمریکا و ئیسڕائیل ناوبرد و بێ گوێدانە گیانی خەڵکی ئێران ڕاستییەکانیان شاردەوە تا ئەو کاتەی کە ئاخوندکانی قوم ئێشیان پێگەیشتو و هاواریان لێ بەرز بۆوە. ئەوکاتیش لەگەڵ ئەوەی کە داوا کرا قوم قەرەنتینە بکرێ، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم و لە سەرووی هەموویانەوە سپای پاسداران بە بیانووی موقەددەس بوونی شارەکە ئامادە نەبوون هەنگاوێک لەو بارەوە هەڵبگرن و لە ئاکامدا ڤایرۆسەکە هەموو ئێرانی داگرت و لە ئێرانەوە گەیشتە زۆربەی وڵاتانی جیهان.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر کە زانییان دەوڵەت هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە هەڵناگرێ بەڵکوو ئاخوندەکان و کاربەدەستانی پایەبەرزی ڕێژیمیش دێنێتە کوردستان بۆ ئەوەی کە لەو نیعمەتە! بە دوور بن، هەر زوو ڕووناکبیران، ئەنجومەنەکان و خەمخۆرانی نیشتمان دەسبەکار بوون و بە پارە و زەحمەتی خۆیان چەند هەنگاوێکی بەکردەوەیان هەڵێنایەوە و ڕێنماییان دا بە هاووڵاتییان. ئێستاش گەنجانی کورد خۆبەخشانە خەریکی گرتنی ڕێگاکانی هاتووچۆی نێوان شارەکانن و دەیانهەوێ لەو ڕێگایەوە خەڵکی کوردستان لەم بەڵایە بپارێزن.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم ئامادەی هاوکاری نییە و ناهێڵێ ڕێگا بازرگانییەکان دابخرێن، بەڵام خەمخۆرانی کورد بەهێز و توانای خۆیان خۆبەخشانە هەروەک چۆن ٤١ ساڵە لە بەرانبەر ڤایرۆسی کۆماری ئیسلامیدا وەستاونەتەوە، ئێستاش خەریکی پاراستنی شار و گوندەکانن و دەیانهەوێ هاونیشتمانیان لەم ڤایرۆسە بپارێزن.











