ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی گرتووەتەوە و لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆری خەڵک تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، “تێدرۆس ئادناهام”، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی بووەتە مەترسییەکی جیددی. هەروەها وتی ئەگەری زۆرە کە لە دوو حەفتەی داهاتوودا ئەو ڤایرۆسە ڕێژەیەکی زیاتری خەڵک تووش بکات.
شایانی باسە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١١٥ وڵاتی جیهان بڵاو بووەتەوە و ئاماری تووشبوون لە وڵاتانی دیکە، غەیری چین، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ١٣ بەرابەر. هەروەها تا ئێستا ١١٨هەزار کەس لە ١١٥ وڵاتی جیهان تووشی کۆرۆنا بوونە و بەوهۆیەوە تا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٤ هەزار و ٢٩١ کەس گیانیان لەدەستداوە.
وڵاتانی وەکوو چین، کۆریای باشوور، و ئێران و ئیتالیا، لە دیارترین وڵاتانی جیهانن کە ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنایان هەیە و لە یەکیەتیی ئورووپا تا ئێستا ٢٢هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.