فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکام” دەڵێ: “ئامانج لە هەناردنی هێز و کەرەستەی سەربازی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشگرتنە لە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران”.
ژنراڵ “کێنت مەکێنزی” لە درێژەی قسەکانیدا بە توندی هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی و گرووپە شیعەکانی سەر بەو ڕێژیمە کرد و وتی کە ئێمە لەمەو بەدوا بە هیچ شێوەیەک لە بەرانبەر ئاژاوەگێڕی و گێچەڵەکانی ئەو ڕێژیمەدا دان بەخۆدا ناگرین و بە توندترین شێوە وڵامی هەرجۆرە دەستدرێژییەکی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە.
ئەو ژنراڵەی ئەمریکا کە لە سەنای وڵاتەکەیدا قسەی دەکرد ئاماژەی بە ناردنی دژە مووشەکی پاتریوت بۆ عەرەبستان و عێراق دا و وتی: “ئێمە دەبێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوەندە بەهێز بجووڵێینەوە کە کۆماری ئیسلامی نەوێرێ بەرانبەرمان هیچ جووڵەیەکی هەڵە بکا”.
شایانی باسە کە لە تازەترین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەیان کەس لەو گرووپە کوژران و بریندار بوون.