سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئورووپا، هەموو سەفەرەکانی ئورووپایی بۆ ئەمریکا ڕادەگیرێن.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ـی ڕەشەمە، دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی باسی لەوە کرد کە هەموو سەفەرەکانی ئورووپا بۆ ئەمریکا لە ڕۆژی هەینییەوە ڕادەگیرێن. جێگای ئاماژەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەی بەرچاو لە وڵاتانی ئورووپاییدا بڵاو بووەتەوە و هەر بەوە بۆنەوە دوناڵد ترامپ ڕەخنەی توندی لە کاربەدەستانی ئورووپایی گرتووە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ بە جیدییەتەوە بەرەوڕووی ئەو ڤایرۆسە ببنەوە تاکوو بتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو ڕاگەیەندراوەدا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا باسی لەوە کرد کە سەفەرەکانی ئورووپا بۆ ٣٠ ڕۆژ ڕادەگیرێن، بەڵام وڵاتی بریتانیا دەتوانێ سەفەرەکانی خۆی بۆ ئەمریکا ئەنجام بدا. ترامپ لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە هەندێ لەو کۆمپانیا و دامەزراوانە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتوە، ئێمە پشتیوانیان لێ دەکەین.