جاوید ڕەحمان خوازیاری ئازادی بەندکراوانی سیاسی لە ئێرانە و دەڵێ قەیرانی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار بەندیخانەکانی ئێرانیشی گرتووەتەوە.
ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ئێراندا ڕۆژی سێشەممە ٢٠ ڕەشەمە لە ژنێڤ دەڵێ: داوای لە تاران کردووە هەموو بەندکراوەکان بەشێوەی کاتی ئازاد بکا. جاوید ڕەحمان هەروەها دەڵێ لەو نێوەدا کە قەیرانی کۆرۆنا پەرەی سەندووە دەسبەسەربوونی بەندکراوە سیاسییەکان جێگەی داخ و کەسەرە و نیگەرانییە. برایمی ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادوەری ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمە گوتبووی کە نیزیکەی ٧٠ هەزار بەندکراو مورەخەسییان دراوەتێ و بەشێوەی کاتی و بۆ بەرگری لە تووشبوون بە کۆرۆنا ئازاد کراون. بەو حاڵەش جاوید ڕەحمان دەڵێ دەزگای دادی ڕێژیم تەنیا بەندکراوانی کەمتر لە حوکمی ٥ ساڵی لەبەرچاو گرتووە و بەندکراوە سیاسییەکان و ئەوانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ حووکمی قورسیان بەسەردا سەپاوە ناگرێتەوە. هەروەها جاوید ڕەحمان پێداگری دەکا کە ژمارەیەک بەندکراوی دوو تابعیەتی یان بەندکراوانی وڵاتانی دیکە بەڕژدی لە مەترسی دان و ئێران بەرپرسە لە ئاست سڵامەتی ئەوان.