دوناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و محەممەد بن سەلمان جێگری پادشای عەرەبستان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی وزە و نەوت و قەیرانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتووێژیان کرد.
دوای ئەوەیکە عەرەبستان نرخی فرۆشتنی نەوتی هێنایە خوارەوە و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا سەتا ٣٠ دابەزی، کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ـی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و محەممەد بن سەلمان جێگری پادشای عەرەبستانی سعوودی پێکەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی وزە و بازاڕی نەوت لە جیهاندا بە شێوەی تەلەفوونی وتووێژیان کردووە. دابەزینی نرخی نەوت لەم ماوەیەدا لە ٣٠ ساڵی پێشوودا نەدیتراوە. کەم کردنەوەی نرخی نەوت لەلایەن عەرەبستانەوە بووەتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی ناوچە و ئەمریکا کە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهانە و بایەخێکی زۆر بە نەوت دەدا، سەبارەت بەو بابەتە پێوەندیی لەگەڵ عەرەبستان گرتووە. لە لایەکەوە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە هیچ گرینگییەکی سەبارەت بە دانیشتنەکانی ئۆپێک نابینێ و دەڵێ سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا دەبێ نرخەکان و بەتایبەتی نرخی نەوت تۆزێک باشتر بێ و بارودۆخەکە لەبەرچاو بگیردرێ.
شایانی باسە کە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی نەوتی ئێرانیش داناوە. بەهۆی گەمارۆی قورسی ئابووریی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی، نەوتی ئێران بە کەمترین ڕادە دەفرۆشرێ و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی بێ بازاڕییەکی تەواو بووەتەوە و وڵاتانی کڕیار ئامادە نین نەوتی ئێران تەنانەت ئەگەر هەرزانتریش بێ، بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا بکڕن.