پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران یاسامەند کراوە و لەو نێوەدا ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە.
نەسرین ستوودە مافناس و چالاکی مافی مرۆڤ لە زیندانەوە نامەیەکی نووسیوە و دەڵێ کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنانیش بە تایبەتی پێشێل دەکا.
نەسرین ستوودە کە لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیم ٣٣ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و لانیکەم دەبێ ١٢ ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە و بە تاوانی دژایەتی خودا و کار بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی مەحکووم کراوە لە نامەیەک کە لە گۆڤاری” تایم”دا بڵاوبۆتەوە بە ئاماژە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێ بێجگە لە ئەشکەنجە و ئازاری زیندانییەکان و لەوانە خودی خۆم، ڤایرۆسی کۆرۆناش گیانی زیندانییەکانی خستۆتە مەترسییەوە و کۆماری ئیسلامیش وەکوو هەمیشە بە کەمتەرخەم و پێشێلکەری مافی مرۆڤ ناودەبا و داوا لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە دەکا کە دوژمنایەتی ولاتانی جیهان نەکەن و بەجێگای ئەوە، لە بیری چارەسەری قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێراندا بن.
ناوبراو هەروەها دەڵێ لە ئێراندا بە هۆی یاسای بنەڕەتی و بیری تەسکی مەزهەبی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژی ژن هیچ واتایەکی بۆ مرۆڤ نییە و ژنان وەک هاووڵاتی دەرەجە دوو حیساب دەکرێن و لەژێر پێنانی مافی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەیاسایی کراوە.
شایانی باسە نەسیرن ستوودە وێڕای چەندین چالاکی مەدەنی پارێزەری مافی مرۆڤ، وەک نەرگسی محەممەدی و ئاتێنا دائیمی و گوڵرۆخ ئیرایی لە باروودۆخێکی نالەباردا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەژین و دەزگای بەناو دادی ڕێژیم ئیزن بە بەندییە سیاسییەکان نادا لەو کاتە دا کە پەتای کۆرۆنا هەڕەشە لە بەندکراوەکان دەکا بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن.