سەرۆکی تورکیە” ڕەجەب تەیب ئەردۆغان” وتی داوای لە هاوتا ڕووسیەکەی “ڤلادیمێر پوتین” کردووە بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی دەیرئەلزور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە.
پاش ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی تورکیە و سووریە و ڕووسیە، سەرۆک کۆماری تورک جارێکی دیکە لە بەرانبەر “پوتین”دا لێدوانەکانی نەرمتر دەکاتەوە و ناوبراو لە میانەی گەڕانەوەی لە بڕۆکسل وتی ” داوام لە بەڕێز پوتین کردووە ئەگەر پشتیوانی دارایی پێشکەش بکات ئەوا دەتوانین دووبارە سووریە بونیاد بنێینەوە، ئەویش لە ڕێی کەڵک وەرگرتن لەو نەوتەی هەیەتی، دەتوانین یارمەتی سووریەی ڕووخاو بدەین تا دووبارە لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێتەوە.
ئەردۆغان وتی پوتین تاوتوێی پێشنیارەکەم دەکات، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا دەتوانێت هەمان پێشنیار بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپیش بکا. ئەوە لەحاڵێکدایە کە دۆخی سووریە ناڕوونە و هەرچەند لە پارێزگای ئیدلب شەڕ لە نێوان تورکیە و دەستە و تاقمە ئیسلامییە تووندڕەوەکان لە لایەک و سووریەو هێزەکانی قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاگیراوە، بەڵام ئەو ئاگربەستە ناسەقامگیرە و شیمانە دەکرێ جارێکی دیکە هێرشی لەشکری سووریە دەست پێ بکاتەوە.