“غولام عەلی جەعفەرزادە ئەیمەن ئابادی” نوێنەری گیلان لە پەرلەمان لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: “لە سەتا پەنجای کارمەندانی تەندروستیی گیلان تووشی کۆڕۆنا بوون و ئیتر لە گۆڕستانەکانیش جێ نییە و تەرمەکان لەسەر یەک دەنێژرێن”.
هەروەها گوتی: ڕەنگە ڕۆژانە ۱۰ هەزار دەمامکی n95 بەکاربێنین و ڕاست بڵێم کە ناتوانین گیانی کارمەندانی تەندروستیمان بپارێزین، چونکە کەموکوڕی زۆرمان هەیە و شەرمەزاریان دەبین و ئەگەر بڵێم لە سەتا پەنجای کارمەندانی تەندروستیی پارێزگا تووشی کۆڕۆنا بوون هەڵەمان نەکردووە.
لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو ئامارەی لە ڕێژەی تووشبوو و قوربانیان بڵاو دەکرێتەوە ڕاست نییە، چونکە ئێمە ناتوانین تاقیکاری پزیشکی بۆ هەموویان بکەین، کەوایە کەسانی گوماناوی کە بە نیشانەکانی کۆڕۆناوە دەمرن لە ئامارەکاندا نین و گۆڕستانەکان جێیان نییە و لەسەر یەک دەنێژرێن.
هەر لەم پێوندەییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو باس لەوە کرا کە هاوکات لەگەل بڵاوبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاشکرایە کە بەشی زۆری تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە شاری کرمانیش، کادری دەرمانی و پزیشکین و “مەهدی حوسێنی نژاد” بەرپرسی ڕێکخراوی بازرگانی و کانزاکانی شاری کرمان لەو بارەوە ڕایگەیاند کە سەتا ٤١ ی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کادرە دەرمانییەکانن.