ئەمڕۆ دووشەممە، ١٩ی ڕەشەمە، ” عەلی ئەسغەرجەهانگیر” بەڕێوەبەری زیندانیانی ئێران ڕایگەیاند: بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا مەرەخسیان بە ٧٠ هەزار زیندانی داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە لایەکی تر ئەمڕۆ دووشەممە “ئیبراهیم ڕەییسی” لە وتەیەکی بەتەواوی لایەنگرانەدا ڕایگەیاند کە: “مەرەخەسکردنی زیندانییان هەتا ئەو جێگەی کە نەبێتە هۆی نائەمنی لە کۆمەڵگەدا و، بە گرینگی دان بەو کەسانەی کە پێشینەی نەخۆشیی پێشتریان هەیە، درێژە پێدەدرێ.”
جێی ئاماژەیە، دوابەدوای ئەو بڕیاڕە چەند خاڵێک جێگای سەرنجی بەشێکی زۆری خەڵکەو خەڵک لەم پێوەندییەدا نیگەرانن، ئەویش ئەوەیە کە دەرکردنی ئەم بڕیارە درەنگتر لە کاتی خۆیدا بووە و ئاشکرا نییە کە ئایا ئەو زیندانییانەی مەرەخەسیان پێدراوە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەن یان گومانی ئەو ڤایرۆسەیان لێ دەکرێت؟ ئایا ئازمایش بۆ ئەو زیندانیانە کراوە کە بەم شێوەیە ڕەوانەی دەرەوەی زیندان دەکرێن؟.
هەروەها بابەتێکی تری جێی سەرنج ئەوەیە کە لە نێو ئەو زیندانیانەدا هیچ زیندانییەکی سیاسی بەرچاو ناکەوێت و لەم پێوەندییەدا بەشێک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە بەردەم زیندانی “ئیڤین” کۆبوونەوەو ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری ئازاد کردن و مافی مەرەخەسی بە ڕۆڵەکانیان بوون.











