ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بۆ یارمەتیدانی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی کۆتۆل کەمپەینێکی هاوکاریان ڕاگەیاندبوو کە دوای ماوەیەک کارکردن کۆتایی بە کارەکانی هات.
لە ماوەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک سنووری شاری ورمێی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە گوڕی شەش پلەی رێشتێرگرتەوەو بە هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان برینداربوون و زیانێكی زۆری ماددیش بەر خانوو و باڵەخانەی ھاووڵاتییان کەوتووەو ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێ ماڵ و لانە ماونەتەوە و لەم پێوەندییەدا خەڵکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەری کوردستان لە ئەرکێکی مرۆڤدۆستانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی “خۆی” ەوە چوون و کەلوپەل و هاوکارییەکانیان گەیاندە ئەم شوێنە و، کۆکردنەوەی هاوکارییەکانیش لە لایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان بە وەڕێخستنی چەندین کەمپەین بەردەوامەو لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار کەمپەینێکیان ڕاگەیاندبوو و دواتر بە ڕاگەیەندراوێک کۆتاییان بە کەمپەینەکە هێنا، کە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە:
هاووڵاتییانی بەڕێزی کوردستان!
دانیشتووانی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەری ناوچەی پیرانشار!
هەروەک ئاگادارن، ڕێکخراوەکان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پیرانشار بە هەستکردن بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی خۆیان و بە پشت بەستن بەو متمانە گەورەیەی لە ڕابردوودا لە لایەن ئێوە هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر و دەروەستەوە پێمان بەخشراوە، هەروەها بە ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی وڵات و بەمەبەستی خۆپارێزی و پاراستنی سەلامەتیی خەڵک، لە کەمپەینێکی تەواو «ئینتێڕنێتی» و «مەجازی»دا [کە یەکەمین ئەزموونی گشتگیری لەو چەشنەیە]، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتیی «نەغدی» بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی “کۆتۆل”مان ڕاگەیاند و ئێستا بەوپەڕی شانازییەوە بە ئێوەی هاونیشتمانی بەڕێزی ڕادەگەیێنین:
کەمپەینەکەمان لە ماوەی ۹ ڕۆژ کار و چالاکیی بەردەوام و چڕوپڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ شەپۆلێکی بێ وێنەی پاڵپشتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان ڕووبەروو بۆوە و کۆی ئەو یارمەتییانەی بۆ ژمارە حیسابەکانی کەمپەین نێردراوە، بریتییە (حەفتاودوو میلیۆن و دە هەزار تمەن) و کە بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەینەکەمان بەهاوکاری لەگەڵ «کەمپەینی زاگرۆس» و بە ڕاوێژ لەگەڵ کەمپەینی سەرەکیی ناوچەی کۆتۆل، بە شەفافییەت و ئەمانەتەوە هەموو یارمەتییەکان دەگەیێنێتە دەستی زیان لێکەوتووان . هەروەها لە دڕێژەدا ئەم ڕێکخراوانە سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی هاووڵاتییان دەربڕی و بەڵێنیان نوێ کردەوە کە تا هەمیشە داکۆکی لەو بەها بەرزە مرۆیی و نیشتمانییانە بکەن کە کۆمەڵگەکەمان پێیان پابەند و سەربەرزە و پێیانەوە دەناسرێتەوە.
شایانی باسە، کەمپەینی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بریتین لە :
ــ بنکەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە( پیرانشار)
ــ ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
ــ ئەنجومەنی ئەدەبیی ڕووناک
ــ باشگای شاخەوانیی هەڵگورد
ــ ئەنجومەنی هونەریی شانۆی پیرانشار











