عەبدوڵلا ڕەسووڵپووڕ، ناسراو بە وەستا عەوڵای فیلمهەڵگر، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
وەستا عەوڵای ڕەسووڵپوور ناسراو بە وەستا عەوڵای نەججاڕ، کە پێشتر بە کاری دارتاشییەوە خەریک بوو، هەر بە دوای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتو دامەزرانی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕووی کردە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان.
وەستا عەوڵا لە ڕێکخراوی حیزب لە شارستانی مەهابادو لە هیزی پێشەوادا قۆلی لە خزمەت بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەڵماڵی. ئهو بە هۆی حەزو هۆگریی زۆری، ڕووی کردە کاری تۆماری دەنگو فیلمهەڵگرتنو لە ژێر ڕێنوێنیو سەرپەرستیی کاک تەیفوور بەتحاییدا کە شارەزاییو ڕابردوو و ئەزموونی لە کاری سینەما و فیلمهەڵگرتن دا هەبوو، بوو بە یەکەم فیلمهەڵگری مەیدانیی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
وەستا عەوڵا بە تەنیا یا لە گەڵ هەیئەتەکانی ڕێبەریو بەرپرسانی حیزب دەچووە بەرەکانی شەڕی پێشمەرگەو لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا ئامادە دەبوو تا وێنەی دیمەنەکانی پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانو هێلیکۆپتێرەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیو دیمەنەکانی ژیانی خەڵک لەو کاتی شەڕی داسەپاو دا هەڵبگرێتەوە. چەند وتووێژێکی د.قاسملوو کە لە بەرەکانی شەڕو لە تەنیشت سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجام دراونو کاتی خۆی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو بوونەوە، وەستا عەوڵا رەسووڵپوور فیلمی لێ هەڵگرتوون.
وەستا عەوڵا فیلم هەڵگرو هاوکاری سەرەکیی فیلمی “نان و ئازادی” بوو کە بە یەکەم فیلمی موستەنەدی کوردی لە بارەی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێ. ئەم فیلمە ژیانی خەڵکی کوردستان لە ژێر هێرشی نیزامیو گەمارۆی ئابووریی کۆماری ئیسلامیو بەردەوامبوونیان لە سەر خۆراگریو چۆنیەتیی ژیانی فەرهەنگیو کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی پێشان دەدا.
دواتر وەستا عەوڵا بە تەنیا زۆربەی کارەکانی فیلمێکی موستەنەدی دیکە بە ناوی “ژیان و خەبات”ی گرتە ئەستۆو گەیاندیە ئەنجام. وەستا عەوڵا لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، گەڕایەوە مەهابادو ژیانی ئاسایی خۆی درێژە پێ دا.
ڕۆژی سێشەمە ٢٥ی خەرمانان وەستا عەوڵا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا و لە حاڵێکدا کە چەند ساڵێک بوو لە گەڵ نەخۆشیو ئازار بەرەوڕوو بوو کۆتایی بە ژیانی هات.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕێز و پێزانینەوە یادی خزمەتەکانی وەستا عەوڵای فیلمهەڵگر دەکاتەوەو، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو، گەرمترین سەرەخۆشی پێشکەشی بنەماڵەکەی و هەموو خۆشەویستان و ناسیاوانیو بە گشتی خەڵکی مەهاباد دەکا.