هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی بێ بەزەییانەیان کردە سەر دەستفرۆش و کاسبکارانی مەیدانی گاز لە سنە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، کە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی ڕەشەمە بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی جەرەسەقیل، لۆدێر و ماشینی گەورە بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە هێرشیان کردووەتە سەر کاسباکاران و دەستفرۆشانی مەیدانی گازی سنە.
جێی ئاماژەیە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دەستیان بەسەر بەشێک لە ماشین و ماڵی کاسبکاراندا گرتووە و سێ لەو کاسبکارانە دەستگیر کراون و یەکێکیشیان بریندار بووە، هەروەها ئەو هێرشکردنە بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک و هۆشداریدان بە کاسبکاران بووە و دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەل و ماڵیان داگرتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو دەستفرۆش و کاسبکارانە ژیانی هەزاران بنەماڵەی هەژارو کەم دەرامەت دابین دەکەن، ئەگەر بڕیار بێت لە ماڵەوە بمێننەوە پێویستە خەرجی ئەوان و هەزاران کرێکاری زەحمەتکێشی تر کە ژیانیان لەسەر ئەو پیشەیەیە دابین بکرێت.
هەروەها لە لایەکی تریش هێرش کردنە سەر ماڵ و شوێنی کاریان بە بێ ئاگاداری پیشوەختە ڕێگەپێدراو نییە و بردنی ماشێنی گەورە بۆ سەر ماڵ و کەلوپەلەکانیان کارێکی نایاساییەو پێویستە بۆیان بگەڕێندرێتەوە یان خەسارەکانیان بدرێتەوە.
شایانی باسە، کە مافی کارکردن و بیمەی کاری مافی هەر کەسێکەو ناکرێت بە هیچ شێوەیەک کەرامەتی مرۆڤ بشکێندرێت.











