لە کەمپی دوورگەی “لێسبۆس”ـی وڵاتی یوونان ئاورکەوتنەوەیەک ڕوویدا و زیانێکی بەرچاوی بە شوێنی ڕاگرتنی پەنابەرەکان گەیاند.
دوای ئەوەیکە وڵاتی تورکیە بۆ مەبەستەکانی خۆی ڕێگەی بۆ پەنابەرەکان کردەوە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان کردە یوونان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە بە توندترین شێوازگەلی ئەمنییەتی بەرەوڕووی پەنابەران بووەوە و هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنوورە ویشکانی ئاوییەکانی وڵاتەکەی کرد. دواتر لەسەر دواکاریی وڵاتانی جیهان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتی یوونان شوێنی ڕاگرتنی بە پەنابەرەکان دا و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی یوونانی لەهەمبەر ڕاگرتنی ڕێژەی زۆری پەنابەران لە وڵاتەکەیان بەرز کردەوە.
سەربارەی ڕەوشی زۆر خراپی پەنابەران لە سەر سنوورەکانی نێوان دوو ولاتی تورکیە و یوونان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، ئاورکەوتنەوەیەک لە دوورگەی لێسبۆس ڕوویدا و کەمپێکی پەنابەران ئاوری تێپەربوو و خەسارێکی زۆری لێکەوتەوە. ناوەندەکانی ڕاگرتنی پەنابەران لە یوونان ڕایانگەیاندووە کە کەمپەکە بە تەواوی سووتاوە بەڵام هیچکەس نەمردووە. سەرچاوەی ئاورەکە تا ئێستا ڕوون نییە و هێزەکانی پۆلیس و ئاورکوژێنەوە تا ئێستاش هەر لەو شوێنەن. بەهۆی ئەو ڕووداوەوە قوتابخانە، هەندێک خانوو و چەند شوێنێکی دیکە بەتەواوەتی لە ئاورەکەدا سووتاون.
جێی ئاماژەیە کە پەنابەرەکان لە دۆخێکی دژواردا بەسەر دەبەن و بە هەموو شێوەیەک لەلایەن دەوڵەتی یوونانەوە گوشاریان لەسەرە تاکوو نەتوانن بپەڕنەوە سەر خاکی یوونان. بە وتەی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە زیاتر لە ٣٨ هەزار پەنابەر دەیانویست کە لە سنووری تورکیەوە بپەڕنەوە و بێنە یوونانەوە، بەڵام هێزەکانی سنوورپارێز بەربەرەکانیان لەگەڵ کردوون و تا ئێستا ٢٦٨ کەسیش دەسبەسەر کراون.
ئەو پەنابەرانە لە وڵاتانی ئورووپایی داوایان کردوە کە چارەسەرێک بۆ دۆخەکەیان بدۆزنەوە. بێ نانی و برسییەتی، سەرەکیترین کێشەی پەنابەرانە و سەرما و سۆڵە و باران بارین کەشێکی ناخۆشی بۆ دروست کردوون.